یەکەم شەکرلەمەی بۆشایی ئاسمان دروستکرا

2020-01-25

3625 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە یەکەم تاقیکردنەوەی لەو شێوەیەدا شەکرلەمە بە شوکوڵاتە لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسماندا بەرهەمهێنرا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی، کەشتیوانەکانی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان توانیوویانە بە سەرکەوتوویی چەند پارچە شەکرلەمەیەک دروستبکەن و لەڕێی مووشەکێکی کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە سێ دانەیان لێ بنێرنەوە سەر زەوی.

ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە، کە لەلایەن هەردوو کەشتیوانی ئاسمانیی لوکا پارمیتانۆ و کریستینا کۆچەوە ئەنجامدراوە، بریتیی بووە لە هەوڵدان بۆ تێگەشتن لە بژاردەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک بۆ گەشتە ئاسمانییە دوورمەوداکان، بەڵام ئەوەی پرسیارە لای هەندێک کەس ئەوەیە کە ئایا تامیان چۆنە، وەڵامەکەش بریتییە لە، "هێشتاش کەس نازانێت." چونکە تا ئێستاش تام نەکراون.

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن ئاژانسی ناساوە چەند پشکنینێکی تایبەت بۆ شەکرلەمەکان دەکرێت تاکو بزانرێت کاریگەری تیشکدانەوەکانی دەرەوەی زەوی و نەبوونی هێزی کێشکردن چی بووە لەسەریان و ئایا بۆ خواردن دەشێن یاخود نا.

لەسەر زەوی شەکرلەمەیەکی ئاسایی پێویستی بە ٢٠ خولەکە لەنێو فڕنێکدا کە پلەی گەرمییەکەی ١٥٠ پلەی سیلیزی بێت تاکو بەتەواوی ببرژێت، بەڵام وادیارە لە بۆشایی ئاسماندا هەمان شت نییە، چونکە یەکەم شەکرلەمە کە دروستکراوە ٢٥ خولەک لەنێو فڕندا بووە بەڵام کە دەریانهێناوە هێشتا کاڵ بووە، بەپێی لێدوانی کەشتیوانەکان ئەو شەکرلەمانەی کە ١٢٠ خولەک و ١٣٠ خولەک لەنێو فڕنەکەدا بوون باشترین بوون.

Image

Luca Parmitano baking cookies on board the International Space Station

A cookie held by an astronaut at the International Space Station

ب.ع