بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی شێوازەکانی خەوتن کاردانەوەی لێکەوتەوە

2020-01-24

43864 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەر کەسێک بە شێوازێکی نوستن هەست بەحەوانەوە و ئارامی دەکات لە جێگەی خەوتنەکەی، بڵابوونەوەی وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە شێوازەکانی نوستنی تێدایە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

لە ڕۆژنامەی میرەری بەریتانیدا هاتووە، شێوازی نوستن وەک ژنانی دووگیان زیاتر باوە و خەڵکی بەوجۆرە دەنوون، ئەمە لەکاتێکدا کۆمەڵێکی تر نوستن لەسەر پشت یان دەم یان لەسەرلاکان کە پشتییەک بخەنە باوەشیان بە پەسەند دەزانن.

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەکارهێنەرێکی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەناوی "ئالا بێڵ" وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە ١٨ شێوازی نوستنی تێدایە.

ئەو وێنەیە زیاتر لە ١٢ هەزار و ٢٠٠ لایکی هەبووە و هەزار و ٣٠٠ جار تویت کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر کۆمێنتی بۆ هاتووە و ئاماژەیان بە باشترین شێوازی خەوتن کردووە.

ئالان بێڵ کە خۆی وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە، لەسەری نوسیووە "باشترین شێوەی نووستن لەلای من ژمارە ٩یە، ئەی باشترین شێوازی نوستن لای ئێوە کامەیە؟"، ئەو پرسیارەی بووە هۆی ئەوەی کۆمێنتێکی زۆری بۆ بنوسرێت.

زۆر کەس وەک بێڵ ژمارە ٩ بە باشترین شێوەی نوستن هەڵیانبژاردووە کە هاوشێوەی "قوربانی کوشتن" وەسفیان کردووە، شێوازی نوستنی ژمارە ٧ بە "دیمەنی کوشتن" لێکچوواندنیان بۆ کردووە، ژمارە ١٦ بە کەسێکی مردوو لەناو تابووت دانرابێت، کۆتا کۆمێنت بۆ ژمارە ١١ بووە، هاوشێوەی کەسێک کە لە پشتەوە چەقۆی لێدرابێت وەسفیان کردووە، ئەمە لەکاتێکدا گاڵتەیان بە ژمارە ١٣ کردووە و بە شێوەیەکی نامۆی نوستن دایانناوە.

بوونی کەمی ئافرەت لە وێنەکەدا کە سێ شێوەی نوستنیان بۆ دیاریکردووە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و لەوبارەیەوە نوسیوویانە "بۆ ڕەگەزی مێ هەڵبژاردەی شێوازی نوستنی زۆر نییە"، ئەمە لەکاتێکدا هەندێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە شێوازی نوستنیانی تێدا نییە.

ئەگەر دەپرسیت باشترین شێوازی نوستن لەڕووی تەندروستییەوە کامەیانە، ئەوا نێل ستانلی شارەزای بواری نووستن و نوسەری کتێبی "چۆن بە باشترین شێوە دەخەویت" ئاشکرایکردووە، نووستن لەسەر شێوەی ژنانی دووگیان باوترینە لەلای گەنجان، کە نووستنە لەسەر یەکێک لە لاکانی جەستە و هەردوو ئەژنۆ تا نزیک سک نووشتابێتەوە، بەڵام باشترین نووستن لەسەر پشتە بە مەرجێک پشتییەکە بەرز نەبێت، چونکە دەتوانێت فشاری ماسولکە و جومگەکان کەمبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرفتی تەنگەنەفەسی و پرخە پرخ ناهێڵێت.

ستانلی ئاماژەی بەوەکردووە، نووستن لەسەر یەکێک لە لاکانی جەستە و پشتییەک بخرێتە نێوان هەردوو قاچەکانەوە باشترین نوستنە بۆ ئەو کەسانەی ئازاری پشتیان هەیە، چونکە بەو جۆرە ئازارەکەیان کەمدەبێتەوە، نوستن لەسەر دەمیش بە خراپترین باری نوستن هەژماری کردووە.

ئ.ل