قەبارەی کەمەرت چی لە بارەی تەندروستیتەوە دەڵێت؟

2020-01-24

11300 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پزیشکان بەردەوام هۆشداریی دەدەن لەبارەی قەڵەویی و قەبارەی کەمەرەوە، بەم دواییانەش توێژینەوەیەك کاریگەری قەبارەی کەمەر لەسەر توشبوون بە جەڵتەی دڵ دەردەخات .

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی زە سەنی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو چەورییانەی کە لە دەوری ناوچەی ورگ کۆدەبنەوە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی چەورین، زیادبوونی ئەم چەورییانەش بە دەوری ورگدا ئەگەری تووشبوون بە شەکرە لە جۆری دووەم و نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر دەکات.

لە ئێستاشدا توێژینەوەیەك ئاشکرایکردووە کە گەورەیی قەبارەی کەمەر لە تەمەنی مامناوەندیدا، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاتر دەکات لەو کەسانەدا کە بۆ جاری یەکەم تووشی بوون و رزگاریان بووە.

زانایان لە پەیمانگای "کارۆلینسکا" لە سوید ئاشکرایانکردووە، ئەو پیاوانەی کە قەبارەی کەمەریان ٩٤ سم و زیاترە، ئەو ژنانەش کە قەبارەی کەمەریان ٨٠سم و زیاترە، کێشەی قەڵەوی لە ڕاددەبەدەریان هەیە زیاتر رووبەڕووی مەترسییەکە دەبنەوە، چونکە قەڵەوی ورگ دەبێتە هۆی خێرایی داخرانی دەمارەکان و زیادبوونی فشاری خوێن و بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری خوێن و بەرگریکردنی ئەنسۆلین.

زانایان دەیانەوێت هانی خەڵك بدەن تا بتوانن ئاستی چەوریی ورگ و کەمەریان کەمبکەنەوە، بۆئەوەی  مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ کەمتر بێت.

هەر لەو بارەیەوە سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، هنییە محەمەدی وتی "قەڵەوی ورگ و کەمەر تەنها ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاتر ناکات، بەڵکو مەترسیی دووبارە تووشبوونەوە بەم حاڵەتانە دوای تووشبوونی یەکەمجار و چاكبوونەوە زیاتر دەکات، بۆیە پارێزگاریکردن لە کەمەرێکی تەندروست گرنگە بۆ پارێزگارییکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ و مێشك لە داهاتوودا."