بۆچی دەبێت چوار هەفتە بەر لە نەشتەرگەری واز لە جگەرەکێشان بهێنین؟

2020-01-24

6864 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی نوێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکردووە، ئەو نەخۆشانەی کە چوار هەفتە بەر لە نەشتەرگەری وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە، نەشتەرگەرییەکەیان بەڕاددەیەکی زیاتر سەرکەوتوو بووە و مەترسیی تووشبوونیان بەکێشە لەدوای نەشتەرگەرییەکە کەمتر بووە.

لە بابەتێکی تەندروستیدا ماڵپەڕی "الحرة" ئاماژەی بەوەکردوە، توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، ئەو جگەرەکێشانەی کە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت رووبەڕووی مەترسییەکی زیاتر دەبنەوە بەراورد بەوانەی کە جگەرەکێش نین.

لە جیهاندا زیاتر لە ملیارێك کەسی جگەرەکێش هەیە کە لە هەر ٢٥ کەسێکدا ساڵانە یەکێکیان نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا لەسەدا ١٦ی نەخۆشەکان تووشی گرفتی زۆر دەبن لەدوای نەشتەرگەرییەکاندا، هەروەها دەکرێت راددەی مردن لەنێوانیاندا بگات بە %١٠.

لەلایەکی دیکەوە ئێدوارد تورسان دیسبێنیت توێژەر لە بواری توتن لە زانکۆی نیوکاسڵ لە ئوستراڵیا وتی، "ئەمە حاڵەتێکی نەخوازراو و خراپ نییە تەنها بۆ نەخۆشەکە، بەڵکو بۆ بەشەکانی پارێزگاریی تەندروستییش زیانی هەیە، چونکە ئەمە دەکرێت وابکات دووبارە نەخۆشە جگەرەکێشەکە بگەڕێتەوە نەخۆشخانە."

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئاشکرایانکردووە، ئەنجامەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە دەبێت لەکاتی نەشتەرگەرییکردن بۆ کەسانی جگەرەکێش پزیشکان بۆماوەی چەند هەفتەیەك بوەستن بۆ ئەوەی واز لە جگەرەکێشان بهێنن ئینجا نەشتەرگەرییان بۆ بکەن.

هەروەها توێژەران ئاشکرایانکردووە، دوای چوار هەفتە لە وازهێنان لە جگەرەکێشان، هەموو هەفتەیەك لە وازهێنان لە جگەرەکێشان بەڕێژەی %١٩ تەندروستیی نەخۆشەکە باشتر دەبێت.