پسپۆڕانی جوانکاریی دوو هۆکار بۆ سپیبوونی قژ لە گەنجێتیدا دەستنیشاندەکەن

2019-12-14

157256 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەشێکی گەنجان خەمێکی گەورەیان پیربوون و سپی بوونی مووی سەریانە، پسپۆڕانی بواری تەندروستیی ئاشکرایانکردووە، دڵەڕاوکێ و جگەرەکێشانی بەردەوام دوو هۆکاری سەرەکیی سپیی بوونی قژە لە تەمەنێکی کەمدا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەما تیڤی، راجنی ئۆهری بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆهریای جوانکاریی لە نیودەلهی دەڵێت، "دڵەڕاوکێ ڕێگری لە گەشتنی ئۆکسجین بۆ مووی سەر دەکات، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی پیر دەرکەوتنی بەشێکی گەنجانە."

هەرچەندە بەساڵاچوون و سپیبوونی قژ شتێکی ئاساییە و لە تەمەنێکدا ئیتر پێویستە قبوڵی بکەین، بەڵام هەندێک کەس هێندە خەفەتی لێدەخۆن و پێی خەمبار دەبن کە ئەوەندەیتر پیربوون و سپیبوونی قژەکەیان خێرادەکات.

هەمان پسپۆڕی جوانکاری دەڵێت، "ڕەنگی خۆڵەمێشی قژ دەکرێت بەهۆی جگەرەکێشانیشەوە بێت،" بەمە ئەوەی ڕوونکردەوە کە ئەوانەی بە بەردەوامی جگەرەدەکێشن خێراتر لە کەسانی ئاسایی مووی سەریان سپیدەبێت.

سپیبوونی قژ لە تەمەنێکی کەمدا دەکرێت چەند هۆکارێکی دیکەشی هەبێت لەوانە، کەمی ڤیتامین لە ژەمە خۆراکی ڕۆژانەدا، کەمی ئاسن و ترشی فۆڵیک.

 

ب.ع.