دوای ٤٥ خولەک نێرگەلەکێشان جەستەت چی بەسەردێت؟

2019-12-14

15821 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کێشانی جگەرە و نێرگەلە چەندین زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت و جەستە تووشی دەیان نەخۆشیی درێژخایەن دەکات بەپێی کاتی کێشانەکان.

لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی ئێم بی ئێس نیوز، ئۆلێگ کۆتۆشێڤ، بەڕێوەبەری سەنتەری مۆسکۆ بۆ خۆپاراستن و چارەسەری کێشانی توتن، دەڵێت، "جگەرە بۆ ماوەیەکی کەم دەکێشرێت، بەڵام نێرگەلە لانیکەم کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت، بۆیە نێرگەلە زیانێکی زۆرتر و دوورمەوداتر بە جەستە دەگەیەنێت."

ئەو پسپۆڕە ئاماژەشی بەوەداوە، کێشانی نێرگەلە بۆ ماوەی ٤٥ خولەک دەبێتە هۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆر گازی یەکە ئۆکسیدی کاربۆن و نیکۆتین، زۆر زیاتر لەوەی کە لە کاتی کێشانی جگەرەدا هەڵدەمژرێت.

ئۆلێگ وتووشیەتی، هەڵمژینی ئەو بڕە گازە دەبێتە هۆی خێرابوونی لێدانەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لە دەرئەنجامدا کێشە بۆ سییەکان دروست دەبێت و ئەگەری تووشبوون بە هەوکردنی سییەکان زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە ئەوانەی نێرگەلە دەکێشن بە گشتی توانای جەستەیان کەمترە و ناتوانن وەک پێویست بە کارە قورسەکان هەستن.

زاناکان هۆشداریدەدەن لە تووشبوون بە ڤایرۆس لەڕێی ئاڵوگۆڕکردنی بۆری نێرگەلەوە، تەنانەت ئەگەر فلتەریش بەکاربهێنرێت، چونکە ڤایرۆسەکان دەکرێت لەناو بۆرییەکەدا کۆبووبێتنەوە و بە دەگمەن لە کافێ و باڕەکاندا پاکژدەکرێنەوە.

 

ب.ع.