​ژنێک لەناو فڕۆکەدا دوپشک پێوەیدا

2019-12-08

26323 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرنشینێک لەو کاتەی بە فڕۆکە لە سانفرانسیسکۆوە بۆ ئەتلانتا گەشتیکردووە، دوپشک پێوەی دەدات.

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ژنێکی سەرنشین لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی یونایتدی ئەمریکی، لە گەشتی نێوان سانفرانسیسکۆ – ئەتلانتادا، دوپشک پێوەیداوە و دوای فریاگوزاریی سەرەتایی، گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرنشینەکە هەر لەو کاتەی چووەتە دەستشۆر، دوپشکێک لە پانتۆڵەکەیەوە بەربووەتەوە و گەستوویەتی.

بەرپرسانی هێڵە ئاسمانییەکەش ئەوەیان وتووە، دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکە، دەستبەجێ سەرنشینەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە و لە نزیکیشەوە چاودێری دۆخی تەندروستی دەکەن تا بەتەواوەتی لە چاکبوونەوەی دڵنیادەبنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەگەرچی ئەم جۆرە ڕووداوانە کەم و دەگمەنن، بەڵام یەکەمجاریش نییە کە ڕووداوی لەوشێوەیە ڕوویدابێت و هەر لەسەرەتای ئەمساڵدا، پیاوێکی کەنەدی بەناوی ڕیچارد بێڵ، بەهەمان هێڵی فڕۆکەوانی لە تێکساسەوە بۆ کەنەدا گەشتیکردبوو، لەکاتی نان خواردندا، دوپشکێک لەسەروی خۆیەوە بۆ سەرمێزەکەی بەردەبێتەوە و بەوەش، کۆمپانیاکە وەکو قەرەبوو ئۆفەری گەشتکردنی خۆڕایی بۆ پیاوە کەنەدییەکە نارد و ئەویش لێیان خۆشبوو.