مەراسیمی بڵاوکردنەوەی چاپی دووەمی مرواریی تاقانەی توانا ئەمین بەڕێوەچوو

2019-11-12

2728 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە شاری سلێمانی مەراسیمێك بۆ بڵاوبوونەوە و واژووکردنی چاپی دووەمی کتێبی (مرواریی تاقانە) ی نووسەر و چیرۆکنووس توانا ئەمین بەڕێوەچوو.

پاش تەواوبوونی چاپی یەکەمی (مرواریی تاقانە) بە تیراژی پێنج هەزار دانە، لەسەر خواستی زۆری خوێنەران، ئەمڕۆ بە تیراژی پێنج هەزار دانەی تر چاپی نوێی ئەم کتێبە لە تارانەوە گەیشتەوە کوردستان و لەم مەراسیمەدا بڵاوکرایەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای NRT2، توانا ئەمین ئاماژەی بەوە کرد، هەستێکی خۆشی هەیە کە دوای دە ساڵ لە تاراوگەوە هاتووەتەوە و زنجیرەیەک کۆڕی سازکردووە لەژێر ناوی مرواریی تاقانەدا و، خەڵکیش بە گشتی پێشوازییەکی گەرمیان لێ کردووە.

توانا ئەمین وتیشی، " دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە یارمەتییان داوین، لە پێشەوە NRT2 کە زۆر زۆر زەحمەتی کێشاوە لەگەڵماندا، پێموایە لە داهاتوودا لەوانەیە لە زانکۆی سلێمانی کۆڕێکیش بکەین".

لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بەو ڕەخنانەی کە بەم دواییانە لێی گیرابوو وتی، "لەڕاستیدا کەسمان لە سەروو ڕەخنەوە نین، ئەوە زۆر ئاساییە، حەقی خۆشیەتی بۆئەوەی ئەدەبیات بتوانێت تەکان بدات بەرەو پێشەوە دەبێت ڕەخنە هەبێت، بەڵام دەبێت ڕەخنە هەبێت نەک جوێن و تەشهیر و ناوزڕاندن، ئەم گەرموگوڕییەی خەڵکیش بۆ کۆڕی کتێبەکە خۆی وەڵامی ئەو ڕەخنانەیە، چونکە ئێمە کۆڕی تر دەبینین کە ئاوا نییە".

توانا ئەمین ئاماژەشی بەوە کرد، کۆمەڵێ کاری نوێی بەدەستەوەیە و گرنگترینیان کۆبەرهەمی سوهرابی سپهەرییە، کە لە هەشت کتێب پێکدێت و هاوبیر کامەران کاری پێداچوونەوەی بۆ کردووە و، سەری ساڵ دەکەوێتە بەر دیدەی خوێنەران.