ڤیدیۆ.. بەهۆی جەرجیرەوە کرمێک دەچێتە جگەری پیاوێکەوە

2019-11-08

62831 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بەهۆی نەشۆردنەوەی جەرجیرەوە و خواردنی، کرمێک دەچێتە هەناویەوە و، زیانی بە بەشێک لە ئەندامەکانی هەناوی گەیاندووە.

ڕۆژنامەی نیو ئینگلاندی پزیشکی نوسیوویەت، پزیشکان ڤیدیۆی کرمێکیان تۆمارکردووە، کە لەناو هەناوی پیاوێکدایە و، دواتر بڵاویانکردووەتەوە، هەروەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت دەجوڵێتەوە.

پیاوەکە لە یەکێک لە کێڵگەکانی مەکسیک ژمارەیەکی زۆر گەڵای جەرجیری نەشۆراوەی خواردووە، دواتر باری تەندروستیی تێکدەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

پزیشکان لە ڕێگەی نازۆرەوە کرمەکەیان بینیوە، کە بەدەوری جگەریدایە، لە ڕێگەی گەدەوە و بە بۆریی زراودا چووەتە هەناوی و شلە و لینجی و خوێنی ئەو بەشەی جەستەی پیاوەکەی خواردووە، بەگوێرەی وتەی پزیشکەکان، لە دیارترین نیشانەکانی ئاوسانی لێو و زمانی نەخۆشەکە بووە.

پزیشکەکان هۆکاری بوونی ئەم جۆرە کرمە لە هەناوی پیاوەکەدا دەگەڕێننەوە بۆ خۆراکی پیس و نەشۆراوە، چونکە ئەو جۆرە کرمانە لە شوێنی پیسدا دەژین و دەبنەهۆی کەمخوێنی و خوێنبەربوونی ناوەوەی لەش.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای مانگێک لە وەرگرتنی دەرمان و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لە ئێستادا تەندروستیی پیاوەکە جێگیرە.

ئ.ل