ئەم نیشانانە لە سەرەتای پەیوەندیی سۆزدارییەوە دەریدەخەن کەسێکی هەڵەت هەڵبژاردوە

2019-10-13

16235 جار خوێندراوەتەوە

+ -

زۆر کات هۆکارەکانی جیابوونەوەی دوو هاوسەر گرفتی بچوك یان لەیەک تێنەگەیشتنە کە وادەکات بەیەکەوە چیتر دڵخۆش و ئاسوودە نەبن، کە هەر یەکە لەم گرفتانە دەکرێت لە سەرتای پەیوەندی سۆزدارییەوە دیاری بکرێن و هەستیان پێبکرێت، بۆ ئەوەی دوای بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکە و هاوسەرگیریی کردن هیچ یەك لە هاوسەرەکان تووشی پەشیمانی و نائاسودەیی نەبن.

ماڵپەڕی برایت سای لە بابەتێکدا ئاماژەی بە حەوت نیشانە کردووە کە لە سەرەتای پەیوەندی سۆزداریدا دەردەکەون و ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی کەسێکی هەڵەت هەڵبژاردووە و پێویستە بڕیارێکی دروست بدەیت بەر لەوەی پەیوەندییەکە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت، بەم جۆرە:

١. شێوازی تێگەیشتن و دەربڕینی هەستەکانیان لەیەکتر جیاوازە، بەجۆرێك لە سەرەتاوە دەیبینیت کەمتر گرنگی بە هەستیی تۆ و دەورووبەرەکەی دەدات و ناتوانێت ئەو دۆخەی تێیدا دەژیت بە هەند وەریبگرێت و بەشێوەیەکی سارد مامەڵە دەکات.

٢. رێگە نادات کاتی تایبەت بە خۆتت هەبێت و بەردەوام دێتە ئەو بازنانەوە کە تایبەتن بە تۆ و دەیەوێت بەردەوام ئاگادارت بێت و تەنانەت ئەگەر سەرقاڵی کارکردنیش بیت تووڕە دەبێت ئەگەر وەڵامی نەدەیتەوە.

٣. هەوڵدەدات بتگۆڕێت و بەو شێوەیە قبوڵت ناکات کە هەیت.

٤. جیاوازی دەکات لە نێوان گرنگیی گرفتەکانی ژیانی خۆی و تۆ، بەجۆرێك ئەگەر خۆی گرفتێكی هەبێت گەورەی دەکات و گرنگیی پێدەدات، بەڵام کاتێك تۆ گرفتێکت هەبێت بە هەند وەریناگرێت و پێتدەڵێت کە گەورەی نەکەیت.

٥. گرنگی بە ڕاوبۆچوونی تۆ نادات تەنانەت لە شتە زۆر بچوك و سەرەتاییەکانیشدا، وەك هەڵبژاردنی خواردن، پێشنیاری چوونەدەرەوە بۆ شوێنێکی دیاریکراو، و هتد.

٦. هەموو کاتێك کارەکانی لە پێش هەموو شتێکی دیکەوە دادەنێت تەنانەت لەو رۆژانەشدا کە پشووە و بۆ ئەمەش قوربانی بەو کاتانە دەدات کە پێویستە لەگەڵ تۆدا بەسەری ببات.

٧. شێوازی ژیان و حەز و ئارەزووەکانتان جیایە و یەکناگرنەوە.

ژ.ن