داریوش پشتیوانیی خۆی بۆ ڕۆژئاوا دەربڕی

2019-10-13

12224 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هونەرمەندی ئێرانی داریوش ئیقباڵی، پشتیوانی خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان دەربڕی.

هونەرمەند داریوش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، یەکێک لە گۆرانییەکانی بڵاوکردەوە و پێشکەشی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە، کە پێشتر لەگەڵ گۆرانیبێژی کورد ڕۆژان فەیزی تۆماریان کردبوو.

داریوش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی گۆرانیی ٣٠٠ گوڵی سووردا، نووسیویەتی "سەیری هەر جێگەیەک دەكەم خوێناوییە." و هاشتاگی ڕۆژئاوای داناوە.

گۆرانیی ٣٠٠ گوڵی سوور لە تێکستی محەمەد ئەسفەهانییە، لە میوزیک و ئەرەنجمێنتی هومان دپارس، لەوتنی داریوش ئیقبالی و  ڕۆژان فەیزییە، ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە، ناوەرۆکی گۆرانییەکە وەسفی شۆڕشگێڕەکانی کورد دەکات.

داریوش ئیقبالی گۆرانیبێژێکی ئێرانییە، خەڵکی شاری میانە یەو لە خێزانێکی ئازەریی لەساڵی ١٩٥١ لە تارانی پایتەختیی ئێران لە دایکبووە، لەسەرەتای دەرکەوتنیدا بەگۆرانی "بمن نجو دست دارم" ناسرا، عیشق و دادپەروەیی و ئاشتی لەناوەرۆکی گۆرانییەکانیدا رەنگیداوەتەوە. زیاتر لە ٣٠ ئەلبوومی گۆرانی هەیە و یەکەم ئەلبوومی لەساڵی ١٩٧١ بڵاوکردووەتەوە. لە ئێستا لە لۆس ئەنجلوس لە ئەمریکا دەژی، جگە لە گۆرانیی و میوزیک، وەک چالاکێکی مەدەنی کاردەکات. لە یادی ٧٠ ساڵه‌ی ڕاگه‌یاندنی جارنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ، خەڵاتی ساڵی ٢٠١٨مافەکانی مرۆڤی پێبەخشرا.