ڤیدیۆ.. پۆلیسێک ژیانی کوڕێکی ڕزگارکرد کە هەوڵیدا لە پردێکەوە بازبدات

2019-09-19

4280 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پۆلیسێکی ویلایەتی تێنەسیی ئەمریکا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوتووە، ژیانی پیاوێکی گەنج ڕزگاردەکات پێش ئەوەی بتوانێت لە پردێکەوە بازبدات.

ماڵپەڕی فۆکسنیوزی ئەمریکی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە، کە لە کامێرای سەر سنگی پۆلیسێکی شاری نۆکسی ویلایەتی تێنەسیی ئەمریکاوە تۆمارکراوە.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە، پیاوێکی گەنج لەسەر پەرژینی پردێکی هێڵی شەمەندەفەر دانیشتووە، بەڵام ئەو کاتەی هەوڵدەدات لە پردەکەوە بازبدات، پۆلیسێک کە ناوی برایەن رێگە دەبینرێت لەگەڵ پۆلیسێکی تردا پیاوەکە دەگرن و ناهێڵن بکەوێتە خوارەوە، دوای ئەوەش بە هەردووکیانەوە ڕایدەکێشنە سەرەوە و بە سەلامەتی ڕزگاری دەکەن.

لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پیاوەکە هەوڵیداوە خۆی بکوژێت، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی خێرای ئەم دوو پۆلیسە، ئەم پیاوە لە ئێستادا لە ژیاندایە.

ز.ن