بۆچی نابێت بە برسییەتی هیچ بڕیارێك بدرێت؟

2019-09-19

3615 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، برسییەتی کاریگەری هەیە لەسەر شێوازی بڕیاردان و وادەکات کەسەکە کەمتر ئارام بگرێت و بڕیاری بەپەلە و هەڵە بدات.

لە هەواڵێكدا ماڵپەڕی میرەر ئاماژەی بەوەکردوە، توێژەران لە زانکۆی دندی توێژینەوەیان لەبارەی ئەوەوە کردووە کە برسییەتی کاریگەریی لەسەر شێوازی بڕیاردان دەبێت و وادەکات کەسەکان بڕیارەکانیان بەشێوەیەکی جیاواز بدەن.

ئەنجامەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە، کەسەکان لەکاتی برسییەتیدا ئارامی و خۆڕاگریان نامێنێت و زیاتر ئارەزووی ئەوە دەکەن کە بەزووترین کات قبوڵی یەکلاکردنەوەی بابەتەکان بکەن لە بەرامبەر قازانجێکی کەمدا و چاوەڕوانی قازانجی زۆر ناکات.

بنیامین ڤێنست پزیشك لە زانکۆی دندی لە سکۆتلەندا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە کە ٥٠ بەشداربووی وەرگرتووە و چەند پرسیارێکی لەبارەی شێوازی خواردنیان و بڕیارەکانیان  کردووە.

لە ماوەی توێژینەوەکەدا دوو جۆر تاقیکردنەوە ئەنجامدرا، یەکەمیان لەکاتی برسییەتیدا، دووەمیان لەکاتی تێریدا، کاتێك کەسێك برسی دەبێت خێراتر بڕیار دەدات، بەڵام کاتێك تێردەبێت وردتر بیر لە بڕیارەکانی دەکاتەوە.

ئەنجامەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە برسییەتی دەکرێت کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانی خەڵك هەبێت بەو رێگەیانەی کە نایزانن، ئەمەش دەریدەخات کە نابێت بە گەدەی برسیی هیچ بڕیارێك بدرێت.

ژ.ن