شیری دایکێک بووە هۆی مردنی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی

2019-08-24

24381 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە شاری تینمۆس لە ناوچەی دیڤۆنی ئینگلیزی ڕووداوی مردنی منداڵیکی تازە لەدایکبوو بووە جێگەی سەرنجی خەڵکی ناوچەکە، کە بەهۆی شیری دایکییەوە مردووە.

ڕۆژانامەی میترۆ لە بەباتێکدا نوسیوویەتی، دادگا لە ١٩ی ئابدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ هۆکاری مردنی ئەو منداڵە کردووەتەوە، کە دوای ٥ ڕۆژ لە لەدایکبوونی و لە ٣٠ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا مردووە.

بەپێی ئەو چیرۆکانەی دەربارەی مردنی منداڵەکە دەوترێت، هۆکارەکەی شیری دایکەکە بووە، کە لە شیرەکەیدا ماددەی ئازارشکێنی تێدابووە، کە لە قۆناغی دووگیانیدا حەبی "ترامادۆڵی" خواردووە بۆ کەمبوونەوەی ئازاری پشتی.

پێشتر دایکەکە پلانی نەبووە شیری خۆی بە منداڵەکەی بدات، بەڵام پزیشکەکان پێیان راگەیاندووە هیچ مەترسییەکی نییە و دەتوانێت شیر بە منداڵەکەی بدات.

پیتەر فیلمەنگ پزیشکی منداڵان ئاشکرایکردووە، "ترامادۆڵ" چارەسەرێکی ڕێژەییە، لە توانایدایە بگوازرێتەوە بۆ شیری دایک و مەترسی بۆسەر ژیانی کۆرپە دروستبکات لەکاتی شیرپێداندا.

وتیشی، "پێموایە (ترامادۆڵ) ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە مردنی منداڵەکە و، نابێت لە قۆناغی دووگیانیدا بخورێت."

رەیان ئارۆ پزیشکی داد لە دادگا وتی، "مردنی منداڵەکە کتوپڕ بووە و چاوەڕواننەکراو بووە"، ئاگادارییان بۆ نەخۆشخانەی فیلمەنگ ناردووە کە منداڵەکەی تێدا لەدایکبووە و، تاکو ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

ژ.ن