سەردێڕ:

وەرزی مەڕ بڕینەوە لە شارەزوور

لە شارەزوور وەرز وەرزی برینەوەی مەڕ و بزنە، هەموو خاوەن ئاژەڵەکان  لەكۆتایی مانگی چوار بەدواوە دەست بەم کارە دەکەن و له‌به‌یانی زووه‌وه‌ تا ئێواره‌ بە هەرەوەز خەریکی بڕینەوەی موی ئاژەڵەکانیانن.

بۆ پاراستنیان له‌ مێرووی زیانبه‌خش و گه‌رمای به‌تینی وه‌رزی هاوین، ساڵانە مەڕدارەكان مەڕ و بزنەكانیان لە خوری و موو دەبڕنەوە، ئەو کەسانەشی كه ‌ئه‌م كاره‌ده‌كه‌ن، ده‌بێت تەواو ورد و بە سەلیقەبن لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرەی خورییەکەی پێ دەبڕنەوە کە برینگەی پێ دەوترێت.

به‌شی زۆری ڕانه‌مه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی شاره‌زوور سپین و خورییه‌كه‌یان درێژ و نه‌رمه ‌و مه‌ڕداران وه‌ستای تایبه‌ت به‌و ئه‌و پیشه‌یه‌ به‌كرێده‌گرن، چونكه‌ بڕینه‌وه‌ی ڕانه‌مه‌ڕه‌كان كارێكی ئاسان نییه ‌و به‌ هه‌موو كه‌سێك ناكرێت.

پێشتر هاوڵاتیانی گوند و ناوچە جیاوازەکانی سنورەکە، بە خوری و موو ده‌یان كه‌ره‌سته‌ی رۆژانه ‌و پێداویستی جۆراوجۆریان دروستدەکرد وەک قاتی شاڵ و بەرماڵ و راخەر و جاجم و گوریس و ڕەشماڵ، ئاژەڵدارانی ئێستاش هه‌رچه‌نده‌ خوری زۆریان ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌ڵام دەڵێن مشتەری خوری نییه‌ و دوای بڕینەوەی مەڕەکان خوریه‌كه‌ی فڕێ دەدەن.

فۆتۆ : عومەر فەتاح

 

 

169799 جار بینراوە