ریمۆنتادای سیاسی
PM:12:48:19/01/2025
936 جار خوێندراوەتەوە
عەدنان سەیدحسێن
+
-
سەرەڕای ناڕەزایی سەرجەم حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، لە شێوازی حکومڕانی
پارتی دیموکراتی کودستان (بەیەکێتیشەوە کە ٣٣ ساڵە هاوبەشە لەحکومڕانیەکەدا) بەڵام
لەدوای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە ٢٠ ی ئەکتۆبەر بەهەموو لایەکەوە قەدەری
خۆیان جارێکی تر خستە بەردەم پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، لەکاتێکدا دەتوانرا
جۆرێک لە هاوپەیمانی سیاسی بێتەدی بەئومێدی رێککردنەوەی سیستمی حکومڕانی، بەمەرجەکانی
(تەوتینی مووچەی فەرمانبەران، رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، دەستپێککردنەوەی پلە بەرزکردنەوە
و لابردنی باجی سەر کاسبکار و هاوڵاتیان) کە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرجەم حیزبە سیاسیەکان
بوو لەپێش ٢٠ی ئەکتۆبەر، بەڵام نەکرا.
نەوەی نوێ وەک یەکەم هێزی سیاسی لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی فەڕمی پرۆژەیەکی
خستەڕوو بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئیئتلافی، لەپرۆژەکەیدا بەڕوونی داوایکرد پۆستی سەرۆک
وەزیران وەربگرێت، یاخود هەر لایەنێک سەرۆک وەزیران وەردەگرێت ئەوا تەواوی پۆستەکان
بۆ لایەنەکانی دیکە دەبێت، ئەمەش سەرەتایەک بۆ درووستکردنی حکومەتی ئیئتلافی کەهەموو
لایەنەکان بەرپرس و دەسەڵاتدار و بەشداربن.
لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرۆژەکەی نەوەی نوێی رەتنەکردەوە، بەڵام
ئامادەش نەبوو دەستبەرداری دوو پۆستی سەرەکی هەرێم بێت و شەش وەزارەت و نزیکەی ٥٠
پۆستی کارگێڕی بۆ نەوەی نوێ پێشنیازکرد.
لەسەر ئەو بنەمایەی خزمەت و بەرژەوەندی هاوڵاتی لەسەرووی هەموو پۆستێکەوەیە،
ئەمجارەش شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ١٥ کورسی نەوەی نوێی خستەڕوو
بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دانانی سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی
پارتی، بەو ئومێدەی بتوانرێت هاوسەنگی سیاسی لەهەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و ببێتە
سەرەتای حکومڕانیەک لە قازانجی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا.
جا هەر لایەنێک پێیوایە ساڵانێکی زۆرە پارتیی دەسەڵاتی قۆرخ کردووە و شکستی
هێناوە لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان و ئارەزومەندە لە هەرێمی کوردستان گۆرانکاریی رووبدات
ئەوا دەبێت ئەم پێشنیارەی قبوڵ بێت و کار بکات بۆ سەرخستنی، نەوەی نوێیش پشتیوانیی
دەبێت بەبێ ئەوەی داوای هیچ پۆستێک بکات و
هیچ پۆستێکی بوێت، تەنها سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی پارتی تا کێشەکان چارەسەر بکات.