سەردێڕ:

دوای هەڵبژاردن!

PM:04:25:26/10/2024
7672 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

مادام دیموکراتیەت لەم ناوچەیە ڕەگ و ڕیشەی نیە نابێ چاوەڕێی ئەوەی لێبکەی هەموو شت وەک خۆی بڕوات بەتایبەتی میللەتێکی ژێردەست و بێ دەوڵەت و زیهن داگیرکراو، ژیانی گشتی ناسەنتەر دەبێت بۆیە نابێت زۆر نیگەران بین لەوەی کە ڕوودەدات بەڵکو دەبێت کاربکەین بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، تەنها کێشەی ئێمە لە ناوشیاری سیاسی و کەمی مەعریفەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی داینامیکیدایە و ئەگەری گۆڕانکاری سیاسی نزیکە و هەرێمی کوردستانیش لە دۆخێکی هەستیاردایە، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ هەندێک لایەن شۆکهێنەر بوو، پێش هەڵبژاردن ئاماژەیەک لەلایەن پارتییەوە هەبوو کە هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو دەبێت و دەستوەردان دەکرێت، لە بەرامبەردا هێزەکانی دیکە دەیان وت پارتی لە هەڵبژاردن دەترسێت بۆیە وا دەڵێت.

هەڵبژاردن سەرەڕای بانگەشەیەکی توند، بە سەرکەوتوویی و بە سەلامەتی بەڕێوە چوو، ئێستا پێچەوانە بووەتەوە و حزبەکانی دیکە دەڵێن هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو بوو، پارتی ئەنجامەکەی قبوڵە، ئەوەی جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە حزبەکان دەڵێن پێشتر لەلایەن دەوڵەتێکەوە پێیان وتوین ئەوەندە کورسیمان بۆ داناون قبوڵمان نەکردووە، گەر وا بوبێت ئەم هێزانە بەپلەی ئیمتیاز ناسیاسین، ئەگینا بۆچی لەکاتی خۆیدا ڕای گشتیتان لەم یاریە ئاگادار نەکردۆتەوە یان ئەوەیە پێش دەنگدان دوو بەیاننامەتان نوسیوە ئەگەر دەرچوون دیموکراتییە و ئەگەر دەرنەچوون بە بەیاننامەی دووەم پرۆسەکە دەکەن بە نادیموکراتی.

لێرەدا من قسەم لەسەر دیزاینکراو یا نەکراو نیە، چونکە هیچ زانیاریم نیە و ئاگاشم لەگەمەی پشتی پەردەو شتی دیکە نیە، بەڵام ئەوەی دەمەوێ بیڵێم هەڵبژاردن بوو بە دوێنێ، ئەوەی گرنگە درککردنە بە گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دیزاینی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی کورد لەو دیزاینەدا لە کوێدایە، بۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی گەورەتر مامەڵە بکەن و قوڵتر هەلومەرجەکە بخوێننەوە و دیزاینێکی نوێی حوکمڕانی بکێشن و هەموو لایەنەکانیش بە جۆرێک قەناعەت پێ بکەن ئیتر چی لەدەسەڵاتدابن چی لەئۆپۆزسیۆن دیزاینەکەی دوێنێ تەواو بوو گرنگ ئەوەیە کورد لە دەرەوەی دیزاینە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبێت، دواتر دنیا زۆری ماوە هەڵبژاردنی دیکەمان لە پێشە انشااللە ئەم جارە دیزاین نابێت و مۆزایکێکی جوان دەبێت، گرنگ ئەوەیە لە دیزاینە چاوەڕوانکراوەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد جێگای هەبێت.

گەلەری