بایکۆتی هەڵبژاردن گەورەترین خزمەتە بە پارتی و یەكێتی
PM:12:22:04/09/2024
3528 جار خوێندراوەتەوە
مۆفەق حسێن
+
-
دیارە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان یەکێکە لە کێشە گەورەکانی پڕۆسەی دیموکراسی
و بەشداریکردنی خەڵک لە دیاریکردنی نوێنەرانی زۆرینەی خەڵک و دواتر هەڵبژاردنی
حکومەتێک کە کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی بکات.
بەپێی ئامارەکانی لە دوایین هەڵبژاردندا کە لە کوردستان ساڵی ٢٠٢١ بۆ
پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا، رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنەکەدا گەشتە ٣٥٪.
لەگەڵ ئەوەی دەیان قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی رووبەڕووی خەڵک بووەتەوە بەڵام زۆرینەی خەڵک بەشداری
گرنگترین پڕۆسەی سیاسیان نەکردووە کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت هاوکێشەی هێز بە شێوەیەکی
بەرچاو بگۆڕدرێت و زۆرێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکات. بۆیە پرسیارێکی زۆر جددی کە
دەبێت سیاسییەکان وەڵامی بدەنەوە بریتییە لە هۆکاری بایکۆتی زۆینەی خەڵک، بە بڕوای
ئێمە ئەو هۆکارانە کە وا لە خەڵک دەکەن بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن بە گشتی بریتین لە:
- یەکەم: بێ ئومێدی و بێ باوەڕی خەڵکە بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و پێیان وایە
هەڵبژاردن هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێت دیارە ئەم بێ ئومێدی و بێ باوەڕییە بەشێکی گەورەی
پارتی و یەکێتی لە ماوەی ٣٢ ساڵی حکومڕانیاندا بە پلان و بە بەرنامە کاری بۆ دەکەن،
لەلایەک بە ساختە و تەزویرکردنی دەنگی خەڵک و راستگۆ نەبوونیان بەرامبەر بەو بەڵێنانەی
کە لەکاتی بانگەشە داویانە و لەلایەکی ترەوە بەشێوەیەکی نا راستەوخۆ لەناو خەڵکدا ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە هەڵبژاردن
سوودی نیە بۆ ئەوەی خەڵکە ناڕازییەکە بڕوا بکات و بایکۆت بکەن. بەشێکی تری ئەو بێ
ئومێدییە ئەو هێز و حزبانەی کە وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان ناساند و لەسەردەمانێکدا خەڵکی بڕوا و ئومێدێکی زۆری پێیان
هەبوو بەڵام بەداخەوە هەر زوو بەشێکی زۆریان
شکستیان هێنا و لە یەکەم تاقیکردنەوەدا کەوتنە
دوای کۆمەڵێک پۆست و ئیمتیازاتی ماددی و پشتیان لە خەڵک و دەنگدەرانیان کرد، و پێم
وایە بەشێکی گەورەی ئەو بێ ئومێدییە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنانە.
- دووەم: نامۆبوونی
دیموکراسی و پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەلتور و پەروەردە و خەباتی سیاسیی خەڵکی لە
کوردستاندا (دیارە ئەم هۆکارە راستە بۆ هەموو ناوچەی رۆژهەڵات و ناوەڕاست و لە نێوانیاندا
عێراق) ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی کوردستان و عێراق دەبینین بەردەوام شۆڕش و کودەتا
و توندوتیژی دەوری سەرەکی هەبوو لە ململانێ سیاسییەکاندا و گۆڕانکارییەکاندا.
- سێیەم: ئاگانەبوونی خەڵک لەو هێزە گەورەیەی کە لە دەستیان دایە و چۆن دەتوانێت ببێتە چەکێک بە دەستیانەوە
بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانیان، بەداخەوە تا ئێستا بەشێکی زۆر لە خەڵک ئەوە
نازانن کە خاوەن هێز ودەسەڵاتی تایبەتن بە خۆیان و دەکرێت ئەو هێزە بەکار بێنن بۆ
داکۆکیکردن لە مافەکانیان.
- چوارەم: گوێنەدان
(لا مبالاة) ئەمەش یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی بایکۆت کردن ، ئەم رێژەیە
هەرچەندە کەم بێت بەڵام بوونی هەیە و من پێم وایە کە بەشێکی زۆری پەیوەندی بە خاڵی
سێیەمەوە هەیە.
- پێنجەم: بڕوا
نەبوونی کۆمەڵێک حزب یان کەسانی ئایدیۆلۆجی بە هەڵبژاردن و دیموکراسی بۆ نموونە هێزێکی
وەک داعش پێی وایە کە دیموکراتیەت کوفرە و نابێت بە هیچ شیوازێک بەشداری تێدا بکەیت.
لێرەدا پەیامی ئێمە بۆ ئەو کەسانەیە کە بێ ئومێدن و پێیان وایە کە هەڵبژاردن
ژیانیان بەرەو باشتر نابات، پێیان دەڵێن لە
ئێستادا هەڵبژاردن تاکە رێگەیە بۆ گۆڕانکاری (ئەگەر چی رێگایەکی دووریش بێت) و هیچ
رێگایەکی ترمان لە بەردەست نیە، بەتایبەت ئەمجارە واتە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤/١٠/٢٠
زۆر جیاواز دەبن لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جارە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی
دەکات و پارتی و یەکێتی هیچ دەسەڵاتی تەزویرکردنیان نیە، ئەمە بێجگە لەوەی کە کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی چاودێری پڕۆسەکە دەکات و زۆر بە وردی لە بارودۆخەکە دەڕوانێت و چاوەڕوانی
بڕیاری خەڵکی کوردستانە ئایە بەم دەسەڵاتە رازین یاخود نا. خاڵێکی تر کە زۆر گرنگ
و ئومێدبەخشە ئەوەیە کە ئەمجارە نەوەی نوێ وەک هێزیکی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە هاتووەتە
مەیدان و لەم ماوە کورتەی تەمەنی سیاسیی خۆیدا زۆر بە ئازایانە و راستگۆیانە لە گەڵ
خەڵکدا بووە و بە هیچ شێوەیەک نە خیانەتی کردووە و نە بازرگانی بە دەنگی دەنگدەرانەوە
کردووە و نە خەڵکی بێ ئومێد کردووە و خۆی بە بەدیلی راستەقینەی پارتی و یەکێتی دەزانێت.
لە کۆتاییدا من دەڵێم، بۆ ئەوەی کۆتایی بە زوڵم و زۆرداری پارتی و یەکێتی
بهێنین پێویست دەکات هەموومان پێکەوە بڕۆینە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سزای توندیان
بدەین، ئەگەر نا ئەوا بارودۆخی خەڵکی کوردستان زۆر بەرەو خراپتر دەڕوات.