سەردێڕ:

ریفراندۆم، رووداوێک بەبێ موراجەعات

PM:04:54:27/09/2021
4392 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى محەمەد
+ -

پاش تێپەڕبوونی چوارساڵ بەسەرئەنجامدانی ڕیفراندۆم ، وەک ئەوەی ھیچ شتێک ڕووی نەدابێت، بەھەمان نەغمەی ساڵانی پێشوو ڕابەرانی ڕیفراندۆم یادی ئەو ڕووداوە دەکەنەوە و بەدەستکەوتی مێژوویی لە قەڵەمی دەدەن وتەنانەت وەک ڕیکلامێک بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بەکاری دەھێنن.

ئەوەی ئێستا بەرپرسانی کورد و بەتایبەتیش پارتی بەناوی ڕیفراندۆمەوە دەیکەن شتێکی تازەنیە، چونکە ئەگەر سەیری مێژووی خەباتی پارتە سیاسەکانی گەلی کورد بکەین ھەرلەدوای نیوەی سەدەی بیستەوە پڕە لە دەیان کارەساتی مێژوویی، کەزۆرجاریش وێرانی وجینۆسایدو کوشتاری گەورەشی لێکەوتۆتەوە، کەبەشێکیان لەڕیزی خیانەتی نیشتیمانیدا بوون.

بەشێکی پەیوەندی بووە لەگەڵ ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردوستان، بەشێکی بوونی دەیان کەسی فایلدار بووە ، کە خزمەتی بەڕژێمی بەعس کردووە . تیایدایەتی کەھاوکاربوون لە تیرۆری سەرکردەو پێشمەرگەی پارچەکانی دیکە، یان گرتویانن و تەسلیم بەڕژێمە داگیرکەرەکانیان کردۆتەوە ، سەرەڕای ھەموو ئەم ڕووداوانە ، بەڵام ھەرگیز ھیچ پارتێکی سیاسی و ھیچ یەک لەسەرکردەکانیان ، ئامادەی ئەوە نەبوون کە داوای لێبووردن بکەن، یان رێگە بدەن کە پێداچونەوە بەو مێژووە پڕشەرمەزاری و کارەساتبارەداو بەردەوام جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ھەموو ھەنگاوەکانی ئەوان لەپێناو سەرخستنی دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا بوەو ھەموو ئەوەش کەڕوی داوە تاکتیکی سیاسی بوە بۆ خزمەت بەکێشەی کورد .

لەپرسی ڕیفراندۆمیشدا جارێکی تر ھەمان سیناریۆ دوبارە بوەوە ، چونکە سەرەڕای ئەوەی کەڕیفراندۆم ھیچ پلان و بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی نەبوو ، تەعبیرنەبوولەڕایەکی گشتی جەماوەری و ھێزە سیاسیەکان . بەڵام ھەرئەنجام دراو ئەنجامەکەشی کارەساتێکی تراژیدی بوو ، بەتایبەتیش لەڕوە سیاسیەکەوە ، چونکە بەھەنگاوێکی ھەڵەو بێ بەرنامەو سادەو ناعەقڵانی بۆ دەیان ساڵی تر خەونی بە دەوڵەت بوونی لەبار بردوو، گەلی کوردی لە ھەر چوارپارچەکە بێ ھیوا کرد لە ئەو پڕۆژەیەی کە سەرەتایەکی بەشی بۆ دروست بوونی دەوڵەت ، ئەگەرسەرکردایەتیەکی ھۆشیارو تێگەیشتوو لەسیاسەتی نێو دەوڵەتی وحوکمڕانی ھاوچەرخ ڕابەرایەتی بکردایە. لەبەرنەبوونی پلانێکی ستراتیجی و قۆناغبەندی بۆئەنجامدانی ڕیفراندۆم، سەرئەنجام پڕۆسەکە ئەنجامێکی کارەساتباری دروست کرد ، یەکەمین شتێکیش کە خستیەڕوو، ئەوە بوو کە قەیرانی سەرەکی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی جارێکیتر بەدەر خستەوە ، ئەویش نەبوونی سەرکردایەتیەک بوو، کە شارەزایی باشی لە سیاسەتی ھاوچەرخی خەباتی گەلان ھەبێت و بە ئالیەتە ھاوچەرخەکان ھەوڵی بەدەست ھێنانی مافی گەلەکەی بدات، چونکە ئەگەر سەرنجی گوتارو لێدوانی ڕابەرانی ڕیفراندۆم بدەین ، دەبینین ھەمان گوتاری ڕابردووی چارەکی کۆتایی سەدەی بیست بوو بۆدەوڵەت و سەربەخۆیی وبەھەمان تێزو دیدگای مێژوویی بوو. ئەمەلەکاتێکدایە کە لە ئێستادا دیدەکانی بنیاتنانی دەوڵەت و حوکمڕانی ھاوچەرخ و ھیواو ویستی ھاوڵاتیان بۆ ژیانێکی ئاسودەو خۆشگوزەرانی، گۆرانیان بە سەردا ھاتوەو بە بۆچوونی فۆکۆیاما ھاوڵاتی ھاوچەرخ بەشوێن خۆشگوزەرانیدا دەگەڕێت.

واتە سەرەتا دەبێت لە ویستەکانی ھاوڵاتیەوە ھەنگاو ھەڵبگیرێت بۆدەوڵەت و دەوڵەتەکەش چوارچێوەیەک بێت بۆگەشەپێدانی ئازادی مەدەنی و چەسپاندنی مافەکانی ھاوڵاتی ، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ٢٦ ساڵی حوکمی یەکێتی وپارتی لەھەرێمی کوردستان ئەنجامیان دابوو، ھەمووی پێچەوانەی ئەم دیدە بوو، ھەر لە ٢٥/٩/٢٠١٧ کەڕیفراندۆمیان تیادا ئەنجامدا . پەڕلەمانیان داخستبوو ،موچەی فەرمانبەرانیان کردبوو بە نیوە ، گەندەڵی لە ھەموو بوارەکانی سیاسی و کارگێڕی و درایی لە لوتکەدابوو ، ئازادی بەرتەسک کرابوەوە ، بەشداری سیاسی و ھەڵبژاردن تەنھا ناوێکی بێ ناوەڕۆک بوو .

بەبێ بیرکردنەوە لە ئەو دۆخە ناھەموارە، ھاتن ریفراندۆمیان ئەنجامدا، لەمەوە دەرکەوێت کەسەرکردایەتی سیاسی کورد بە تایبەتی یەکێتی وپارتی ھەرگیز ئەو گروپە سیاسیە نین کە ئەو ئەرکە مێژووییە بگرنە ئەستۆو بتوانن رابەرایەتیەکی سەرکەوتوی گەلەکەیان بکەن وبەرەو بەدەوڵەت بوون وسەربەخۆیی ببەن. لە بەرئەوە ڕیفراندۆمیش لێرەوە بوە ڕووداوێکی مێژوویی تر کەچوە سەر ئەو زنجیرە ڕوداوە مێژوویەی کە یەکێتی وپارتی بەھاوکاری پاشکۆکانیان ئەنجامیان داوە و ئەمیش بێجگە لە نەھامەتی وپەشیمانی ھیچی تری بەدەست نەھێنا.

گەلەری