سەردێڕ:

دۆخی پەروەردە لە عیراقدا

PM:05:00:06/07/2022
1228 جار خوێندراوەتەوە
بورهان شێخ رەووف
+ -

ساڵی ٢٠٢١ عیراق لە پۆلینی جیهانی كوالیتی پەروەردەو فێركردن دەركرا، تەنانەت نەك لە ریزی خوارەوەی لیستەكەش دانەنرا، بەڵكو هەر بەتەواوی خرایە دەرەوەی ریزبەندییەكە.

ئەو بوومەلەرزەیەی بەر كەرتی پەروەردەو فێركردن لە عیراق كەوتووە، شایەنی وەستان و هەڵوەستە لەسەركردنە، لە كاتێكدا لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی پێشوو عیراق خاوەنی باشترین سیستمی پەروەردەو فێركردن بووە، بە گوێرەی زۆرێك لە سەرچاوەكان، دەكرێت بۆ هۆكارو ماكەكانی ئەم كارەساتە گەورەیە بگەڕێین .

 

خراپی دۆخی پەروەردە

بێگومان دۆخی شڵەژاوی عیراق لە هەموو سێكتەرەكانی تردا دۆخی پەروەردەو فێركردنیشی گرتۆتەوە، بەدڵنییایەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەم كەرتە گرنگە پێش كەرەتەكانی تر هەیە، راستە عیراقی نوێ‌ خاوەنی دەستوور و سیستمی پەرلەمانیە، بەڵام بەشبەشێنی تائیفی و ئیتنیكی كاریگەری نیگەتیڤی كردە سەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن بە گوێری پێوەری دافۆس بۆ پێوانە كوالێتی خوێندن و فێركردن لە ساڵی 2021 عیراق خرایە دەرەوەی پۆلینبەندییەكانەوە، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی و بێزاری و كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە لە وڵاتدا، بە شكست و پاشەكشەیەكی گەورە بۆ عیراق هاتە ژماردن لەهەمان كاتدا بێ ئومێدییەكی گەورەی لێكەوتەوە كە ئۆباڵەكەی لە ئەستۆی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانە.

بانكی نێو دەوڵەتی لە دوا راپۆرتیدا لە سەر دۆخی پەروەردە لە عیراقدا دوای تەرخانكردنی دە ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بۆ پڕۆژەیەك ، ئەوەشی ڕاگەیاندووە كە 90% قوتابیانی عیراق تێ ناگەن لەوەی كە دەیخوێنن .

 

 

 

یەکێک لە زانکۆکانی عیراق

 

هەرچەندە لە دوای ساڵی 2003 پەیكەری پەروەردەو پرۆگرامەكانی خوێندن گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هات، بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆجیاكانی حزبی بەعس لابرا كە بە شان و باڵی سەدامدا هەڵیان دەدا، هەر لە كتێبەكانی پەروەردەی نیشتمانی و مێژووشەوە، زانكۆكانیش دەستیان واڵاكرا بۆ هەڵبژاردنی ئەڵتەرناتیڤی ئەو پڕۆگرامانە، بەلام لێرەدا نیگەرانی لەوەیە كە پشكپشكێنەی تائیفی جێگیر كراوە لە جیاتی بنەمای نیشتمانی و پشتگوێ‌خستنی مێژووی راستەقینەی عیراق.

تەنانەت گلەیی و نیگەرانییەكان گەییوەتە رادەیەك هەندێك لایەن بڵێن تائیفیەت جێگەی بە نیشتمانپەروەری لێژ كردووە، نموونەی كتێبی پەروەردەی ئیسلامی پۆلی یەكەمی سەرەتایی بهێنننەوە بەرچاو كە دەڵێت (موسڵمانان برامانن)، بەو واتەیەی ئەوەی موسڵمان نەبێت لە ئاینەكانی تر بێت لە مەسیحی و جوولەكە و ئێزدی و سابیئە و ئەوانی تر برامان نین، زۆر نمونەی تر لە پۆلەكانی تریشدا دەهێننەوە كە دژ بە ئایینەكانی ترن، كە ساڵەهایە لە عیراقدا پێكەوە دەژین، لە هەمانكاتدا نیگەرانی زۆر لەوە هەیە كە گرنگی بە كەسایەتی كۆمەڵگای عیراق نەدراوە باسی شوناسنامەی دەوڵەتی عیراق نەكراوە، بەڵكو هەندێك رای وا سەری هەڵداوە دەبێژن ئەم سیستەمە بنیاتی عەقڵی مرۆڤ نانێت و قوتابیان راناهێنێت بۆ توانست و شارەزایی تەواو بۆ فێربوون و كاركردنیش.

 

خاڵە هاوبەشەكەی پەروەردە لە قۆناغی كۆن و نوێدا

ئەگەر خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوو سەردەمی كۆن و نوێدا لە عیراق واتە پێش و پاش 2003 بەرهەم نەهێنانی توانست و لێهاتوویی بێت، بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی سەدام حوسێن زۆربەی خاوەن تواناكان دوورخرابوونەوە جگە لەوانەی سەر بە حزبی بەعس بوون، یان بەلانی كەمەوە ئۆپۆزسیۆن نەبوون، بەشی زۆری كورسییەكانی زانكۆكان بۆ بەعسییەكان قۆرخكرابوو، بێ ئەوەی تواناو لێهاتوویی ئەو كۆلێژانەیان هەبێت، جگە لەوەی مناڵ و كەسەكانی خۆیان بە قبوڵی تایبەت وەردەگیران و دواتر دادەمەزران لە كار و وەزیفەی حكومیدا بە ئاسانی .

لە دوای رووخانی سەدامیش حزبە سیاسییەكان ئەو بوارەیان رەخساند، زیندانییە سیاسییەكان و مناڵی شەهیدان، ئەوانەی رژێمی سەدام باوكیانی كوشت بوو، لەگەڵ ئەندامانی حەشدی شەعبی لە زانكۆكان بخوێنن و دەرگایان بۆ بكرێتەوە، بۆ خوێندنی باڵا، بەبێ‌ رەچاوكردنی تێكڕای نمرە و بە گوێرەی ئەو رێنماییە تایبەتەی خۆیان بۆیان دانابوو وەردەگیران .

پشكپشكێنەی تائیفی و دابەشكردنی پۆست و پلە فاكتەرێكی تری وێرانبوونی كەرتی پەروەردەو فێركردن بوو لە عیراقدا، كە خاوەن تواناو لێهاتووەكان وەلا نران و كەسوكاری بەرپرسە حزبی و حكومییەكان هەموو پلەو پۆستەكانیان قۆرخكرد، ئیتر خاوەن تواناكان دەبوو وڵات جێبهێڵن و رێگای هەندەران و دەربەدەری بگرنەبەر، یان بە هەژاری و نەداری بژین یان ببنە ئەندامی حزب و میلیشیا دەستەڵاتدارەكان، لێرەدا دەتوانم ناوی دەیان كەس لە خزم و كوڕ و كەسوكاری بەرپرسە باڵاكانی عیراق بنووسم كە كراونەتە باڵوێز و كارمەندی گەورەی دەوڵەت بەبێ‌ بوونی شارەزایی و بڕوانامە، بەڵام من نەمویست بچمە ناو ئەو بابەتەوە، هەر ئەم هۆكارەش بوو وایكرد، خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دروست بێت كە داوای دەست لەكاركێشانەوەی كابینەكەی عادیل عەبدولمهدی كرد و ئەو دۆخە ناجێگیرە هاتە ئاراوە كە تائێستاش بەردەوامە .

یەكێك لە دیاردە دزێوەكانی عیراقی نوێ‌، دیاردەی كڕێنی بڕوانامەی ساختەیە لە هەندێك لە زانكۆ ئەهلییەكان بە تایبەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی2021، هەواڵێك بڵاوكرایەوە كە پێداگری لەوە دەكات 27 هەزار بڕوانامەی زانكۆیی فرۆشراوە بە عیراقییەكان لەلایەن زانكۆكانی لوبنانەوە، هەروەها هەواڵەكە باس لەوەدەكات كە بڕوانامەكان دەستی قوتابیانی ئاسایی و كوڕانی بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی عیراق كەوتووە .

دوای چەند مانگێك لەو هەواڵە هێشتا وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، هیچ رێكارێكی یاسایی نەگرتۆتە بەر بۆ لێكۆڵینەوە لەو بڕونامە فرۆشراوانە و هیچ روونكردنوەیەكیشی نەداوە .

 

زانكۆ ئەهلییەكان

لە دوای ساڵی 2003ەوە لە عیراقیش ژمارەی زانكۆ ئەهلییەكان لە هەڵكشاندایە و زانكۆ حكومییەكان هەر وەك خۆیانن، بەگوێرەی فەرمانگەی خوێندنی زانكۆ ئەهلییەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (199) زانكۆی ئەهلی لە عیراقدا هەیە، كە مۆڵەتیان هەیە و بە رەسمی ناسێنراون و پسپۆری جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام زانكۆ حكومییەكان ژمارەیان (29) زانكۆیە، بە وتەی پشكنەری گشتی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، بەشی زۆری ئەم زانكۆ ئەهلیانە هی كەسایەتی سیاسی و حزبی و لایەنە سیاسییەكانن كە ناوی زانكۆكان و خاوەنەكانیان بڵاوكرانەتەوە.

كێشەو بەربەستی زۆر هەیە لەبەردەم پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە عیراقدا بە كوردستانیشەوە، ئەوەی بۆ عیراق باسم كرد، بێگومان بۆ دۆخی پەروەردە لە هەرێمیش ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نییە، بەڵام كێشەو ئاستەنگی گەورەی بەردەم پەروەردە نەبوونی پلانی ستراتیژییە بۆ داخوازی و پێداویستیەكانی بازاری كار لە عیراق و هەرێمی كوردستان، سەرەڕای كەمكردنەوەی پشتیوانی حكومەت بۆ زانكۆ حكومییەكانی عیراق.

گەلەری