سەردێڕ:

کۆبونەوەی ناتۆ و پرسی کورد

PM:04:05:04/07/2022
3980 جار خوێندراوەتەوە
کارزان عەلى
+ -

کارزان عەلی

کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ لە مەدرید سەرنجی کوردانی بە تایبەت بۆ لای خۆی ڕاکێشا چونکە پرسی کورد بووە بابەتی سەرەکی لە ئەندابوونی ھەریەک لە وڵاتانی سوید و فینلەندا و تورکیا ڕق و کینەی لە مێژینەی جارێکی دیکە ڕشت و ھەمووانی ھاندا لە دژی گەلی کورد و پرسە ڕەواکەی.

تورکیا لەم ھەنگاوەیدا توانی ئەوروپا ناچار بکات بە دەستبەرداربوون لەو نرخانەی دیموکراتی و مافی مرۆڤ کە زیاتر لەسەدەیەکە بەباجێکی زۆر بە دەستی ھێناوە، جگە لەوە وڵاتانی سوید و فینلەند ئیرادەی خۆیان ڕادەستی ناتۆ کرد کە تورکیا یەک ئەردۆگانێکی فاشی سەردەم سەرۆکێتی و ئەو بڕیار لەجێگای ئەو حکومەتانە دەدات.

لە کۆی ئەو لێکتێگەیشتنەدا کورد جارێکی تر دەبێتە کۆچی قوربانی ھاوکێشەکانی سەدەی ٢١ مین بێ ئەوەی کاردانەوەیەکی جدی ببینرێت لە بەرامبەر بەو بازرگانی کردنە، کە تیایدا ھەموو کوردێکی پشتیوانی مافەکانی و داواکاری ئازادبوونی لە ژێر دەستی دیکتاتۆری تورکیا دەبێتە تیرۆریست گەر وورد ببنەوە لە ئەو ١٠ خاڵەی واژوو کراوە تەنھا کوردانی باکوری کوردستان ناگرێتەوە کە پشتیوانی پەکەکەن بەڵکو کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کە نیوەی خاکەکەکەیان لە لایەن تورکیاوە داگیرکراوە بونەتە ئامانج و بگرە ھەر کوردێکی دیکەی پارچەکانی دیکە گەر پشتیوانی لە تێکۆشانی کوردانی باکور بکات ئەوە بە تیرۆریست بە ناو دەکرێت .

ئەو بڕیارانە نەک تەنھا دژ بە یاسا و ڕێساکانی ئەوروپا و سیستەمی جیھانی ئێستایە بەڵکو زۆر فاشیستانەیە و ھەر چۆن لە تورکیا لەسەر گۆرانی کوردی و کۆمێنتی کوردی و قسەکردن بە کوردی ھاوڵاتیان تیرۆر دەکرێن چاوەڕوانی ھەمان شت لە سوید و فینلەند یش دەکرێت ئەگەر بێتوو ئەو خاڵانە جێ بەجێ بکەن ، گەلی کورد نەک کاری تیرۆری نەکردووە بەڵکو ئەوە کورد بوو جیھانی لەبەرامبەر تیرۆری داعش پاراست و ھەر کوردانی ڕۆژئاوا بون دوا مۆڵگەکانی داعشیان کۆتایی پێ ھێنا بەڵام بەم بڕیارانە ئاشکرا دەبێت کە سیستەمی جیھانی خودی خۆی دەیەوێت داعش بونیاد بنێتەوە چونکە لای ھەموو جیھان ڕوونە ئەوەی داعشی بەھێز و پڕچەک و پڕ ئەندام کرد ئەردۆگان و تورکیابوو ئەوەشی لە ناوی برد و پلانەکانی پوچەڵکردەوە کورد بوون.

گەلی کورد لە سەردەمی تیرۆرکردنی ئۆڵف پاڵمەی سۆسیال دیموکراتەکان لە ساڵی ١٩٨٦ وە باجی قورس دەدات بە ووڵاتی سوید لەکاتێکدا کورد تاوانبار کرا بەو تاوانە و لە کۆتاییدا ئاشکرا بوو کە نەک کورد ئەو تاوانری نەکردووە بەڵکو دەبوایە سوید داوای لێبوردنی لە گەلی کورد و تێکۆشانەکەی بکردایە و ئەوروپاش بەگشتی بە ھەمان شێوە بەڵام ئەوەتا لەم سەدەیەدا سۆشیال دیموکراتەکان بە دڵی فاشیزم جارێکی دیکە گەلی کورد دەخەنە ژێر یاسای نوێی سەرکەتکاریەوە .

گەر سەرنجێک بدەن لە کۆبونەوەی ناتۆ تەنھا ئۆکرانیا بووە بابەتی سەرەکی لە کاتێکا ملێۆنان کەس لە عێراق ، سوریا ، لیبیا ، یەمەن و ئەفغانستان نەبووە ھیچ بابەتێک لە کاتێکدا پەنابەرێکی ئۆکرانی لە ھەموو ئەوروپا بێ ھێچ پێشکەشکردنی کەیسێک ڕاستەوخۆ لەلایەن بەلەدیەی شارەکانەوە ڕاستەوخۆ بە قبوڵکراوی ئەوروپا پەسەند دەکرێت لەکاتێکدا شەڕی عێراق و سوریا و ئەفغانستان و یەمەن و لیبیاش ھاوشئوەن بەڵام بۆ ئەوروپاو ناتۆ ئەو کۆمەڵگایانە ھیچ گرنگ نین بگرە ھەزارانیان لە دەریاکان خنکان و ھەزارانیشیان بێ مافی پەنابەری ماونەتەوە و کوردەکانیش گەر داوای ئازادی و مافی خۆیان بکەن بە تیرۆریست دەناسرێن .

ناتۆ بازاڕێکی فرۆشتنی چەک و ساغ کردنەوەی سیاسەتی سەرمایەداری سەردەمە دەنا ئەوەی ماف بێ تیایدا نیە گەر ھەبوایە گەلێکی وەک کورد کە زیاتر لە سەدەیەکە تێدەکۆشێت بۆ مافەکانی نەیدەکردە قوربانی بەرژەوەندی لەگەڵ ووڵاتێکی ھاوشێوەی تورکیا کە فاشیزمێکی سەردەمیانەی تیا پەیڕەو دەکرێت و ڕۆژانە ئاگر بەسەر گەلی کورددا دەبارێنێت بە چەکی پێشکەوتوی ناتۆ.

گەلەری