سەردێڕ:

کاریگەری هۆشداری پلاسخارتتان پێوە دیاربوو

PM:09:27:22/05/2022
3384 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەید سەلیم
+ -

دوای ئەوەی جینینن پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق بۆ جاری دووەم لەسەر کێماسیەکانی نێو پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە بەرپرسان و حزبەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ لە مەراسیمی دەرچوونی ژمارەیەک خوێندکار لە خولی ئەفسەرانی قەڵاچوالان،لەسەر زاری هەریەک لە نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوێبیستی بەشێک لەو قسە و ڕەخنانە بووینەوە کە پێشتر کەسانی وەک جینین پلاسخارت و دۆستانی دیکە لە باڵوێزی ولاتان و کەسانی چاودێر لە بەرپرسانی هەرێم و حزبە باڵادەستەکانیان دەگرت.

پرسی دەستوەردانی حزبی لە کاروباری پێشمەرگە لەلایەن (پارتی و یەکێتی)وە، هەرەوها هەنگاونەنان بە ئاڕاستەی یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی هێزی پێشمەرگە، لە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی، بەشێک بوون لە وتاری ئەمڕۆ نێچیروان بارزانی و تەنانەت وەزیری پێشمەرگەش کە لە مەراسیمەکە پێشکەشیان کرد.

بەدەر لە بارودۆخی پێشمەرگە کە پشکی شێری وتارەکان بوون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر ئەو کرد کە: "نابێت دامەزراوەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەرەی لە ململانێ سیاسیەکان تێوە بگلێن" ئەوە رێک ئەو رەخنەیە کە هەفتەی رابردوو پلاسخارت لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستانی گرت، کاتێک باسی لە دوو ئیدارەی زەرد و سەوزی بۆ ئامەدەبووان کرد.

زەقکردنەوەی مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستان کە بە ڕوونی لە وتارەکانی مەڕاسیمی قەلاچۆلان بیستران، ڕێک ئەو هۆشداریەیە کە هەفتەی ڕابردوو نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و تەنانەت باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دوو بۆنەی جیادا باسیان لێوەکردبوو.

شایانی باسە ووتنەوەی قسەی دۆستان لە زاری گەورە بەرپرسانی هەرێم بۆ حاڵی دەردی هەرێمی کوردستان بەس نیە، بگرە دەبێت ئەو جۆرە هۆشداریدا نە هەموو لایەک ڕابچڵەکێنێت بە ئاڕاستەی هەنگاونانی جدی بۆ چارەسەری کێشەکان.

ئەوەی لێرەدا جێگای هەلوەستەیە ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا گرنگە بەرپرسان لە نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان تێگەیشت بن، جگە لەوش باسکردنلە مەترسی لەتبوونی ئەو هەرێمە و گواستنەوەی ناکۆکیەکان بۆ شەڕی دەسەڵات، کە هەرێمی کوردستان بەرەوە لەتبوونئ گەل و خاکەکەی ببات پرسێک بوو باسی لیوەکرا.

شایانی باسە، ساڵی پار جینین پلاسخارت، لە کۆنفراسێکی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک زۆر ڕاشکاوانە وتبووی:" مانەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان تا سەر زامن نیە" دوای ساڵێک لەو قسەیەی ئەو جارەیەیان هەفتەی ڕابردوو لە راپۆرتێکیدا کە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان هۆشداری لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان دابووەوە.

بۆیە دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوو شەڕە قسە لە نێوان حزبەکانی دەسەڵات تا ئاستێک هێورکرایەوە، لەم بۆنەیەشدا کێماسیەکان بەشێکیان باسیان لێوەکرا، ئیدی خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری دەبێت، بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی کە بە هۆی شەڕ لەسەر داهات و پۆست بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و خەلکەکەش باجە گرانەکەی داوە.

حزبەکان بە ئاڕاستەی چارەسەر نەڕۆن، دەبێت چاوەڕان بن دۆستان پشتمان تێبکەن، دواتر ولاتانی دەوروبەر ئەو دۆخە خرابەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باشتر بۆ خۆیان بقۆزنەوە، بە ئامانجی لاوازکردن و تەنانەت نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کەواتە دوای ئەوەی لە هۆشداریەکە گەیشتن لە مەترسیەکانیش بگەن، ئەوسا چارەسەر ئاسان دەبێت.

گەلەری