سەردێڕ:

دڵگەرمی پلاسخارت و خەمساردی ئێمە

AM:11:52:22/05/2022
3584 جار خوێندراوەتەوە
رێبین رەحیم
+ -

ڕۆژی ١٩ی ئایاری پارساڵ لە ئیڤێنتی زانکۆی کوردستان (جنین پلاسخارت)ی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان وەک پانێڵیستێک هەندێک خاڵی گرنگی تایبەت بە دۆخی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت خستەڕوو ،کرۆکی سەرنجەکەی خانم پلاسخارت (بریتی بوو لەوەی ئەگەر دەتانەوێت بمێننەوەو بەهێزبن دەبێت یەکگرتوو یەکدەنگبن چونکە مەرج نیە ئەم بارودۆخە ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانیەش ئاوا بۆ ئێوە بمێنێتەوە)!!

ڕاستی هەرکاتی خۆی دەبوو لێدوانی خاتوونی نوێنەر کۆی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی بهێنایەتە سەرمێزی گفتووگۆو لەهۆکارەکانی پشت ئەم لێدوانەیان بکۆڵیایەتەوەو هەموو ئامادەکاریەکیان بۆ ئەو دۆخ و پێشهاتانە بکردایە کە لەپشت ئەم جۆرە لێدوانانەن بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی ئامادەسازیی بکەین زیاتر خەریکی دەست بادان و دەست شکاندنی یەکترو پێوانەو کێشانەی حیزبی بووین تاوای لێهات لەکۆبونەوەی (١٧ی ئایار)ی ئەمساڵ واتە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا خانم پلاسخارت هەمان داخوازی و بگرە زیاترو ڕونتری خستەڕوو

لە نێو دێڕەکانی خاتوونی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بەئاشکرا باسی لەو زۆن زۆنێنەکرد کە بەداخەوە هێشتاش هەرماوەو دیوی ناشرینی حکومڕانی ئێمەیە نەک هەر ئەوە بەڵکو تۆنێکی بەرزتر دوپاتیکردەوە دابەشبوونی کورد لەنێوخۆی کوردستان لەناو عێراقیشدا ئایندەی حکومڕانی ئێمە دەخاتە بەردەم مەترسیەکی جدی و ڕەنگە بمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و خاڵی سەرەتا

تۆ لەوەگەڕێ لەم دۆخە نەخوازراوەدا کێ لەسەر هەق و کێ خاوەن باطڵە چونکە ئەوانەی دۆخی ئێمە دەخوێننەوەو دەبینن تەلسکۆپی زیندەوەربینی بەکارناهێنن بۆئەوەی بزانن ڕەوتی ڕوداوە ناوخۆیی و وردەکان چۆنن و چین بۆیە دەبێت هێزەسیاسیەکان کۆی وێنە گەورەکە ببینێت نەک لە گۆشە نیگای تەسکی حیزبیەوە

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپێش پەیامی خانم پلاسخارت و دوای پەیامەکەشی هەمیشە بۆ یەکڕیزی و تەبایی و کاری پێکەوەیی بوە بەتایبەت لە کۆتا پەیامیدا بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە کە هەموو هێزە سیاسیەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی خستوەتە بەردەم مەسئولیەتێکی گەورە و دیارە خانمی UN و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش زانیاریان لەسەر ئەو مەترسیانە هەیە کە ئەگەر یەکڕیز نەبین ڕووبەڕوومان دەبێتەوە

ئێستا کە دەستپێشخەریەک لە ئارادایەو هەمووان چاویان لەهەنگاوە پراکتیکیەکانی ئەو دەستپێشخەریەیە ئەگەرچی ناوەرۆکی ئەو دەسپێشخەریە هێشتا ڕون نەکراوەتەوە بەڵام بێگومان دۆخی ئێمە جگە لەمێزی گفتووگۆو لێگەشتن و یەکڕیزی هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەی لەبەردەمدانیەو دەبێت هێڵە گشتیەکانی بەرژەوەندنی ئەم وڵاتە هەموومان کۆبکاتەوەو

دەبێت هەر هێزو لایەنێک هەندێک لە داخوزیەکانی خۆی بێتەخوارەوەو خۆشبێت، لەم پرۆسەیەدا نابێت کەسمان لێ زیادبێت و دەبێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ڕوناکبیرو سیاسی و یاساناس و هەموان ڕایان بەهەند وەربگیرێت و باشترین دەستپێکیش نوسینەوەی دەستورێکی گەل پەسەندە کە پێناسەی حومڕانی ئێمە بەجیهان بدات

تا ئەم چرکەساتەش خەمساردی و بەدەمەوەهاتنی پێوویست بۆ ئەم پرسە گرنگانەی خانم پلاسخارت خستیەڕوو نیەو پێموایە دەبێت هەرچی زوە تێکڕای هێزە سیاسیەکان بە مێشکێکی کراوەو بەدڵێکی گەرمەوە کار بۆ لابردنی ئەو مەترسیانە بکەن کە لە کۆبونەوەی ١٧ی ئایار بۆ هەموان خرانەڕوو چونکە لەم دۆخە ئاڵۆزەی عێراق و لە هاوکێشەبەندیەی ناوچەکەدا هیچ شتێک جێگەی گرنتی و زەمان نیەو باشترین زەمان و دڵنیایی یەکڕیزی خۆمانە بەبەکارهێنانی پاڵپشتیە دەرەکیەکان ئەگەر وانەکەین پێش هەمووکەس خۆمان تاوانباری بەردەم گەل و مێژوو دەکەین

گەلەری