سەردێڕ:

ئەم جارەش خانەنشینان

PM:11:42:20/05/2022
4256 جار خوێندراوەتەوە
حەسەن جاف
+ -

دوابەدوای گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە خانەنشینە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەشیان لە ئەنجامی پاڵەپەستۆ و بێپلانی بانکەکان لە کاتی پێدانی مووچەکانیان، ئیدارەی شار هاتنە سەرخەت و بڕیاری پەیڕەوکردنی چەند هەنگاوێکان دا بۆ ئاسانکاری پێدانی مووچەکانیان کە لە هەموو بنکەکانی دابەشکردنی مووچەدا بکرێت، بە پێچەوانەوە مانگی رابوردووش بە رێکرا و هیچ گۆڕانکاریەک نەکرا تەنها بانکی مەڵکەندی نەبێت بۆ ئەم مانگە خشتەیەکی هەڵواسیوە کە گوایا لە ماوەی پێنج رۆژدا بە پێی کۆدی سەر ناسنامەی خانەنشینەکان مووچەکانیان پێدەدەن. ئەوەی جێی سەرنجی من بوو لەیەک دوو رۆژی رابوردوودا بەڕێوەبەری ژمێریاری هەمان بانک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزێۆنی دا وتی: تەنها ژمارەیخانەنشینانی شارستانی کە لە بانکەکەمان مووچە وەردەگرن هەشت هەزار خانەنشینەو دوو هەزار خانەنشینی موتەفەریقەی پیشمەرگەو هی دیکەشمان هەیە کە کۆیی هەمویان دەکاتە ١٠ هەزار و ئەگەر دابەشیان بکەن بەسەر ئەو پێنج رۆژەدا دەبێت رۆژی دوو هەزار خانەنشین مووچە وەرگرێت، هەرچەند ئەم کارە لە بێپلانی و قەرەباڵغیە ناڕێکەی جاران باشترە و لە هەمان کات دا ئەم پرسیارانەش سەرهەڵ دەدات :

ئەی بۆ لە بانکەکانی دیکەش دا ئەم سیستەمە پەیڕەو نەکرا ؟

بۆ ژمارەی خانەنشینان بە شێوەیەکی یەکسان یا نزیک لەیەکەوە بەسەر بانکەکاندا دابەش نەکراوە ؟

ئەی بۆ تا ئەمڕۆ کار لەسەر دروستکردنی کارتی زیرەک و کردنەوەی بنکەی دابەشکرن لە لایەن بریکارەکانەوە وەک پارێزگاکانی عێراق پەیڕەو ناکرێت ؟

لەکاتێکدا توێژی خانەنشینان ئەو شەهیدە زیندوانەن کە هەموو ژیانیان بەختکردووە بۆ ئەم نیشتمانەو بەم شێوە مامەڵیان لەگەڵ دەکرێت، ئەی ئێوەی فەرمانبەرانی ئێستا بیرێک لە داهاتویی خۆتان ناکەنەوە کە حاڵتان لە ئەمان خراپتر دەبێت لە داهاتوودا ئەگەر هەروا بێهەڵوێستبن، هەروەها باش دەزانن کە ئەمەی لە هەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بە خانەنشینان دەکرێت لە ناو هیچ گەڵ و وڵات و سیستەمێکی هاوشێوەدا نەبینراوە و رووینەداوە.

گەلەری