ئازادی ژن گەوهەری دیموکراسییە
PM:02:41:05/08/2021
3956 جار خوێندراوەتەوە
هاوژین زیبا
+
-
ئازادی ژن رۆحی سەردەمە، کە دەڵێین رۆحی سەردەم ، مەبەستمان لە ئەقڵییەتی باو و جیهانبینیی گشتییە لەوقۆناغەدا کە تێپەڕاندنیان مەحاڵە. هەر لەبەر ئەمەیەکە بیرمەندە هەرە بەرناوبانگەکانی مێژووش نەیانتوانیوە لە کۆت وپێوەندەکانی رۆحی سەردەمەکانی خۆیان بەتەواوی دەرباز ببن. بۆ نموونە: فەیلەسوفێکی گەورەی وەک ئەرستۆ، لە ژێر کاریگەریی گیانی سەردەمەکەی خۆیدا باوەڕی وابووە ئەوە سروشتی تایبەتی ژن و کۆیلەیە کە ئەو پێگە کۆمەڵایەتییە دیارکراوەی پێ بەخشیونو پێویستە تەنها کاری ناو ماڵ بەن.
خۆشبەختانە سەردەمی ئێستا رۆحێکی جیاوازی هەیە. رۆحێک کە بەرهەمی دەستکەوتە زانستی و تەکنەلۆجیییە مێژوویەکانە، زادەی شۆڕشەکانی پیشەسازی و دۆزینەوە گەورەکانە و سەردەمی شۆڕشی زانیارییە. بۆیە ئەمڕۆ هاوڕایی لە سەر یەکسانی و مەحکومکردنی چەوساندنەوەی ژن بوونەتە سیمایەکی گشتیی بیری مرۆڤایەتی. هەندێک رێباز و هزری بەجێماوی سەدەکانی ناوەڕاستی لێ دەربچێ، هیچ کەس و لایەن و رێبازێک نابینرێ بەرگری لە کۆیلایەتی و لە چەوساندنەوەی ژن بکات. ئەمە دەستکەوتێکی بەنرخە و دەبێت ددانی پێدا بنێین کە دیموکراسی و لیبرالیزم، لە روانگەی نرخاندنی تاکگەراییەوە، رۆڵی گەورەیان لەم دەستکەوتەدا گێڕاوە. فاشیزم و نازیزم بە سیستمە دیوکراسییەکانی سەدەی بیستەم بەراوەد بکەین تێدەگەین کە یەکسانی ژن و پیاو، لە نەمانی ستەمی جێندەری چەند قەرزارباری دیموکراسیین و بزووتنەوە فیمینیستیش چەند پێویستیان بە فراوانکردن و چەسپاندنی دیموکراسی هەیە.
لە کوردستاندا، خەبات بۆ نەهێشتنی پاشماوەی بە کۆیلایەتی ژن و ئازادی ژن و پێشەنگایەتی ژن تا رادەیەکی باش پێشکەوتووە. لە بواری رۆشنبیریشدا هەوڵدەدرێت کە بنەمای فکری ئەم خەباتە پتەوتر بکرێت و ژن بە هۆشیاریەکی زۆرترەوە، بتوانێت ئەم مافە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. پلاتفۆرمی دابڕان ناونیشانی یەکێکە لەم خەباتە رۆشنگەرییانە، کە بە راگەیاندنی فێمینیزمی رۆشنگەری هەوڵدەدات هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان بەرەو پێشەوە ببات.
بەڕێز "مەلا بەختیار" سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان لە مەراسیمی کۆبوونەوەی ژنان بۆ ئامادەکاری بەستنی چوارەمین کۆنفرانسی فێمێنیزمی رۆشنگەری لە رۆژی ١٤/٦/٢٠٢١ دا لە ووتارەکەیدا تێزێکی نوێی بە ناوی(ژن گەوهەری دیموکراسییە) راگەیاند و وتی لەم سەردەمەدا، لەسەردەمی جیهانگیری، کە دەمانەوێت رۆشنگەری بەدیبهێنین، فێمێنیزمێکی نوێ پیادە بکەین، بەم گەوهەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نوێوە کە ژن گەوهەری دیموکراسییە، بنەمای دیموکراسییە لەوڵاتانی دواکەوتوو، بەم گەوهەرەوە سیاسەت و چالاکییەکانی خۆمان پەرەپێدەدەین و بەردەوام دەبینن لەخەباتی رۆشنگەری.
ئەگەر بەوردی لەم قسانە بڕوانین ئەوا دەبینین کە ئازادی ژن وەکو داینەمۆی خەباتی دیموکراسی دەستنیشانکراوە، لەم پێناوەشدا فێمێنیزمی رۆشنگەری بە شێوازی جیاواز کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئازادییە و چەسپاندنی دیموکراسی راستەقینە کە ئەمە جیاوازی دەکات لە کارکردنی رێکخراوەکان لە ناو پرسی ژناندا. فێمێنیزمی رۆشنگەری تێدەکۆشێت بۆ رۆشنگەری ژنان و گەرانەوەی ئەو بەهاو پێگانەی ژن لە ژیاندا کە لێی سەندراوەو داگیرکراوە لەلایەن سیستەمی خۆپارێزی سەرمایەداریی ودواکەوتووی نەریتی پیاوسالارییەوە .