سەردێڕ:

کێ یەکڕیزی تێکدا؛ پارتی یان یەکێتی؟

PM:10:26:28/01/2022
4944 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

کە باسی ئەو لێکترازانە توندەی ئێستای یەکێتی و پارتی دەکرێت، یەکسەر ئاماژە بۆ رووداوەکانی یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێڕاق دەکرێت، بەڵام راستییەکەی بەر لە دانیشتنەکە لێکترازانەکە روویدا، کاتێک ئەندامانی شاندی هاوبەشی کوردستان (پارتی و یەکێتی) ژوانی کۆبوونەوەیان هەبوو لەگەڵ لایەنێکی عێراقی، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکە ئەندامانی یەکێتی بە سەرۆکی شاندە هاوبەشەکەوە کە عیماد ئەحمەد بوو، بەبێ ئاگادار کردنەوەی لایەنی پارتی بەغدا بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە سلێمانی و تەلەفۆنەکانیشیان قەپات دەکەن.

دواتر ئاگاداری لێکترازانەکە زیاتر وەدیارکەوت، کاتێک یەکێتی خۆی لە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی (میلیشیاکانی سەر بە ئێران) یەکلایی کردەوە و هەموو لایەنە کوردستانییەکانیان لە هۆڵی پەرلەمان بەجێهێشت و دەنگی بە کاندیدی کوردستان (پشکی پارتی) نەدا، لەوێوە وێنەکە تەواو روون بوویەوە کە یەکێتی ناتوانێت لە بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران دەربچێت و ئەوەی لە رێگای سەرکردەکانی حەشدی شەعبیەوە داوایان لێدەکرێت دەبێت جێبەجێی بکەن.

دروستکردنی ئەو فەوزایە میدیاییە و گەڕانەوە بۆ وتاری هەڕەشەکردن، درێژکراوەی ئەو داوایەیە کە یەکێتی دەبێت جێبەجێی بکات، هەر چەندە دەزانێت ئەو شتانە ناتوانن شتێک لە ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکە بگۆڕن، چونکە پرسی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار نە بە وتاری میدیایە و نە بەهەڕەشە وەرناگیرێت بەڵکو بە رێککەوتنی سیاسی و گفتوگۆ وەردەگیرێت کە یەکێتی ئەو کارتەی لە دەستی خۆی سوتاند و شانسەکەی دۆڕاند.

سەرکردایەتی یەکێتی داوا لە پارتی دەکەن کە کاندیدەکەی خۆی بکشێنێتەوە، لەکاتێکدا یەکێتی دوو کاندیدی هەیە، بەرهەم ساڵح کاندیدی سەرکردایەتی یەکێتی، لەتیف رەشید کاندیدی هاوبەشی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی - بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد، کە بێگومان لەتیف رەشید شانسی بوونە سەرۆکی (تا ئێستا کە ئەو چەند وشەیە دەنووسم) زیاترە لە بەرهەم ساڵح، باشە سەرکردایەتییەک نەتوانێت کاندیدێکی خۆی پاشەکشە پێبکات کە پارێزبەندی ماڵی ئیبراهیم ئەحمەدی هەیە، چۆن دەتوانێت پاشەکشە بە کاندیدی حزبێکی رکابەر بکات!

گەلەری