سەردێڕ:

نەجەف بێدەنگی دەشکێنێت؟

PM:08:18:14/01/2022
8796 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+ -

دوای بەدیارکەوتنی ئاگاداری قۆناغی نوێی سیاسی لە عێراق و باڵا دەستبوونی رەوتی سەدڕ لە بڕیار سیاسی و یەکلایی کردنەوەی هاوکێشەکان و بەلاداخستنی دۆخەکە بەلایەک، پرسیار دەربارەی هەڵوێستی نەجەف و مەرجەعیە دێتە گۆڕێ، کە بە دڵنیایەوە ئێستا کەوتوونەتە بەردەم پرسیارێکی گرنگ و چارەنووسساز، ئایا خۆزگە و داواکاریەکانی سەدڕ تەنها لە چوارچێوەی کاری حوکمەتداری دەمێنێتەوە، یان پەل بۆ نەجەفیش دەهاوێژێت و ئەویش بەشێکە لە خۆزگەکانی، بۆ کۆنتڕۆلکردنی دڵ و عەقڵی شیعە!

ئەو ئەگەر زۆر بەهێزە، لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان، سەدڕ لە رێگای حکومەتەوە پارە و داهاتێکی زۆر زیاتر لە ئێستای دەکەوێتە ژێر دەست و دەتوانێت باشتر و زیاتر کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگای شیعە بکات.

دووەمیان، پیری و پەککەوتەیی مەرجەعی ئێستا سەید عەلی سیستانی، حەزەکەی سەدڕی گەورەتر کردووە، چونکە لە کاتی کۆچی دوایی کردنی سیستانی رەنگە بە ئاسانی بتوانێ بەو ئامانجەشی بگات.

گەیشتنی سەدڕ بەو ئامانجانەی لە کۆنتڕۆڵ کردنی بەغدا و نەجەف، واتا تەواو گواستنەوەی ئەزموونی ئێرانیە بۆ عێراق و کۆبوونەوەی دەسەڵاتی دین و دونیا لە دەستی کەسێکدا. لە ساڵانی رابردوو نەجەف چەندین جار ئەو رۆڵەی بینیەوە و دەستی خستووەتە کاروباری سیاسی و بڕیاری داوە کە نە حکومەت و نە پەرلەمان و دادگای باڵا نەیتوانیوە لاملی لە بڕیارەکانی بکەن، بە پێچەوانەوە تەواو گوێڕایەڵ و ملکەچی بوونە، بەڵام بەو مۆدێلە ئێرانیەی کە سەدڕ چاوی لێیە، ئەوە حەوزەی نەجەف دەبێتە سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانی کە پێویستە پەرلەمان حکومەت دەریبکەن.

بێدەنگ بوونی نەجەف تا ئێستا لە بەردەم ئەو گۆڕانکاریانە، جێگای پرسیارە، ئایا نەجەف لەگەڵ ئەو رێکارانەیە کە سەدڕ بانگەشەی بۆ دەکات؟ ئایا ئەوانەی لە پشتەوەی سەدڕن نەجەفیان قایل کردووە؟ یان ئەوەتە نەجەف لە بێدەنگیدا بە حیساباتی خۆی دادەچێتەوە و لە کاتی پێویست و یەکلاکەرەوە بێدەنگیەکەی دەشکێنێ و هەڵوێستی خۆی بە روونی رادەگەیەنێ.

گەلەری