سەردێڕ:

ژنانی کورد و فێمێنیزم

PM:09:31:27/07/2021
11048 جار خوێندراوەتەوە
هاوژین زیبا
+ -

خەباتی ژنان و هەوڵەکانی ژنان لە پێناو ئازادی و ڕزگاربوون لە کۆتو بەندی پیاوسالاری مێژوویەکی زۆر دوورو درێژی هەیە بە درێژای ژیانی مرۆڤایەتی و دروستبوونی شارستانییەتەکان ژنان بەرامبەر بە ستەم و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری بێ ڕۆڵ و کاریگەر نەبوون و بە ئاسانی ئەم زیهنیەتە نەیتوانییوە ببێتە کەلتورو سیستەمی کۆمەڵایەتی ژیانی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەی هەموو دەزگا، سیاسەت، بیرو باوەڕ و ئایینە تاک خوداییانەی رەوایەتی بەم زیهنیەتە داوە و بەردەوامن، بەڵام هێشتا ژنان لە هەوڵدان دانەبڕاون و هەمیشە کاریانکردووە بۆ شکاندن و راستکردەوەی هەڵەکان کە بەرامبەریان کراون و دەکرێن لە جیهاندا و ئەگەر ژنانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە نموونە وەربگرین، ئەو بزوتنەوانەی کە لەماوەی سێ نەوەی دوا لەدوای یەک لە دەیەی ١٨٥٠ تا دەیەی ١٩١٠، بوونیان هەبوو، بەگوێرەی بارودۆخی سەردەمەکانیان ئامانج و پلان و پرۆگرامی تایبەت بە خۆیان هەبوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک سەبارەت بە خراپی دۆخی ژنان. لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجێکی بنەرەتی هەموو چالاکوانانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە ئەویش: ژنان دەبێت ئامانجی خۆیان هەبێت لە ژیانیاندا و توانای بڕیاردان و کۆنترۆڵکردنی خۆیان و ژیانیان لە دەستی خۆیاندابێت. ئەم داواکارییە سەرەتاییە بنەڕەتیانەی ژنان لەو مێژووەوە کە دەستی پێکردووە تا ڕۆژی ئەمرۆش کە لە سەدەی ٢١ دا دەژین ناتوانین بڵێین لە بەشێکی بچوکی ئەم سەرزەمینەشدا ژنان گەیشتبنن بە ئەو ژیانەی کە سەربەخۆوئازادبن و ژن بوونیان نەبێتە بەربەست لەبەردەم کارەکانیان یان رەفتارو خواستەکانیاندا.

لە هەرێمی کوردستان ژنانێکی زۆر ماندوون و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان و باشترکردنی ژیانی ژنان دەدەن وە بەرهەمیشیان هەبووە. بۆ نموونە ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەتوانین لە هەندێک ڕووەوە باشتر بژین لە نەوەی پێش خۆمان بەرهەمی هەوڵەکانی ژنانە، نەک ئەوەی دیارییەکی دەستی پیاوان بێت و بە ژنان بەخشرابێت. لەگەڵ ئەوانەشدا هەوڵەکانی ژنان بەبێ رەخنە نین و ناتوانین بڵێین کاری زۆر باشکراوە، بێگومان ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە. بە بڕوای من هۆکارێکی سەرەکی دەگەرێتەوە بۆ ئاشنانەبوون بە فێمێنیزم و چەمکی فێمێنیزم و دروستبوونی کەسایەتی فێمێنیست لەناو ژنانی کوردستاندا.

فێمێنیزم لە كۆمەڵی كوردیدا نوێیە، وەك چەمك لەلای كورد، چوار دەیەیە كاری پێدەكرێت و پێشتر بە ئەدەبیاتی سیاسی و كۆمەڵایەتیمان نائاشنا بووە. جۆرێك ناتێگەیشتن لەم چەمكە دەبینین، سیستمی پیاوسالاری چەمکی فێمێنیزم وەک فکرەکەی بە بزوتنەوەیەكی دژە پیاو پێناسە دەكات لەحاڵێكدا بەپێچەوانەی ئەم بیركردنەوەیەوەیە فێمێنیزم دژ بە زیهنیەتی پیاوسالاری و ئیمتیازەکانی پیاوسالاریيە کە بەخشراون بە پیاوان بۆ پەراوێزخستنی ڕۆڵ و کەسایەتی ژنان.

یەکێکیتر ترلە كێشەكانی بەردەم بزوتنەوەی فێمینیستی لە كوردستان كێشەی تیۆریيە. بەو ماناییەی فێمێنیزم و بزوتنەوەی فێمینیستی لە كوردستان لە هەژاری تیۆریدایە وژنانی کۆمەڵی کوردستان نەیتوانییوە خۆیان وەك بزووتنەوەیەكی گشتگیر و بەهێزی فکری بخەنەڕوو و تەنانەت لەوەش دەترسن بە خۆیان بڵێن فێمینست لەکاتێکدا فێمێنیست بوون واتای ناڕازی بوون بەو ژیانە سەپاوەیە کە ژنان تیایدا بێ ناسنامەو بێکەسایەتی سەربەخۆن

بەشێک بڕوایانوایە مادام فێمێنیزم و قوتابخانە فێمێنیستییەکان بەرهەمی بیری ژنانی ڕۆژئاوایە، کەواتە ئەم بیرۆکەیە ناگونجێت لەگەڵ کەلتورو داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردستاندا! کەسانێکیش هەن کە هەر لە بنەڕەتدا پێیانوایە سروشتی ژن بۆ ئەوە نابێت هەموو ئەو ماف و دەرفەتانەی پیاو هەیەتی پێی بدرێت ئەمجۆرە لە بیرکردنەوەش بەشێکی لە ئاینی ئیسلامەوە سەرچاوە دەگرێت. جیا لەمانەش کەسانێک هەن کە پێیانوایە مافی یەکسانی ژن لەگەڵ پیاو دژایەتی هەیە لەگەڵ کۆمەڵی کوردستان چونکە ئاینی ئیسلام لەم کۆمەڵگایە پێڕەو دەکرێت و داخوازی فمینیستەکان و مافی یەکسانی دژایەتی لەگەڵ هێڵە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام هەیە، چونکە بەبڕوای ئەوان ئاینی ئیسلام هەموو مافێکی یەکسانی بەخشیوە بە ژنان و پیاوان!

ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری دیکەش وایکردووە هەستی ناڕازی و هەوڵەکانی ژنان دژ بە زیهنیەتی پیاوسالاری و سیستەمی باڵادەستی نێرانە لەناو کۆمەڵ و داب و نەریت، سیاسەت، زمان، میدیاو حزبەکاندا زۆر بەهێز نەبێت و هەوڵەکانی ژنان لە چوارچێوەی چالاکی و یادکردنەوەی بۆنەکان و بەشداریکردن لە کۆڕو سمینارەکاندا بممێننەوەو نەبن بە ڕێگەچارەیەکی ڕیشەیی بۆ چارەسەری دۆخی ژنان و دروستکردنی ژیانێک کە مرۆڤەکان تیایدا ئازادبن و ژنان خاوەنی کەسایەتی و ناسنامەی سەربەخۆی ژن بوونیان بن.

گەلەری