سەردێڕ:

ناپاک کێیە ؟

PM:01:34:19/07/2025
600 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

جاش وشەیەک یان چەمکێکی داتاشراوی ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردە لەبەرامبەر ناپاک و ئەوانەی لە ڕیزی داگیرکەر چەک بەدەست بوون بەکاردەهێنرێت، هەر چەندە نازانم ئەم چەمکە کەی داتاشراوە یان داهێنراوە، بەڵام ناپاکی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرکەوتنی خاوەنداریەتی، ئیتر لەو کاتەوە مرۆڤ لە پێناوی دەستکەوتدا پەنای بردوەتە بەر ناپاکی، وەکو دەبینین خێڵە کوردەکان لە نێوان عوسمانیەکان و سەفەوییەکاندا دابەشبوون و بوونە چاوساغی ئەم دوو هێزە داگیرکەرە کە خۆی لە کایەی خۆفرۆشیدا دەبینێەوە. پێدەچێت وشەی جاش لە ساڵی بیست و سییەکاندا زیاتر زەقتر بوبێتەوە و بەفەرمی هاتبێتە ناو کایەی سیاسیەوە، لە باشوری کوردستان بەو پۆلیسانەیان وتووە کە بوونە چاوساغی ئینگلیزەکان و خەڵکیان هانداوە بۆ دڵسۆزی بۆ داگیرکەری ئینگلیز. هەژاری شاعیر بۆ یەکەمجار ئەم وشەیەی لە کایەی سیاسیدا بەکارهێناوەو دواتر بە مانای قووڵتر هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە، هەرچەندە ناو نانی ناپاک یان جاش زوڵمێکە لە ئاژەڵێکی بەستەزمان، کورد ویستویەتی لەتەک جاشەکەرا ئاژەڵێکی بەستەزمان ناپاکیەکەی دابەشبکات، بێ ئاگا لەوەی لەناو هەموو ئاژەڵەکاندا دایکی ئەو بەستەزمانە زۆرترین خزمەتی بەشۆڕش کردووە لەگواستنەوەی کەل و پەلدا.

بەڵام پێدەچێ "نالی" وەک زانیبێتی کورد زوڵمێک لەم ئاژەڵە دەکات، لەگفتوگۆی نێوان خۆی و کەرەکەیدا گوێ لە کەرەکەی دەگرێ کە دەڵێت،"زمانی حاڵی ئەو دەیوت نالی من و تۆ هەردووک حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمن گوێ درێژ".
ئەرستۆ دەڵێت مرۆڤ ئاژەڵە، بەڵام ئاژەڵێکی قسەکەر، چەمکی جاش بوون لە تەوزیفکردن یان ناپاک لە دیدی ئایدۆلۆژی و سیاسیدا جیاوازە لە بەکارهێنانی کوردی لەسەردەمی شۆڕشدا، ئێستا چەمکی ناپاک یان جاش ناوی جیاجیای هەیە بەپێی بەرژەوەندی ئەو ناوە دەگۆڕێت، "ئەگەر لەتەک من بی باشی، لەتەک من نەبی جاشی.بۆشـی کوڕ وتی: ئەوەی لەبەرەی ئێمە نەبێ تیرۆریستە، ئێستا ترەمپ بەو تیرۆریستە دەڵێ کوڕی باشە، وەک "برێخت" دەڵێ: ( کوفری دوێنێ دەکرێ ئیمانی ئەمڕۆ بێت) لەناو کۆمەڵگەی کوردی لەگەرمەی شۆڕشدا تا دوای ٢٠٠٣، ناشیرینترین وشە جـاش بوو، قورسترین جوێنیش بوو بە کەسێک یان بە لایەنێکت بتووتایە، بەڵام ئێستا لە ئەنجامی ڕەفتاری نادروست و ململانێی ناتەندروست ئەو وشەیە ئاسایی بووەتەوە، خودا ڕەحم بکات یاسایی نەبێتەوە، مەبەستمە لێرەدا بڵێم ئەحزابی کوردی پێداچوونەوەیەک بەشێوازی قسە و دواندنی خۆیاندا بکەن، لە بەکارهێنانی چەمکەکاندا پێداچونەوەیەک بکەنەوە بزانن چۆن و کەی و لە کوێ و بەرامبەر کێ بەکاری دەهێنن، ئەگەر ئەو پارچەیەی کوردستان ئازاد نەکرابێت کوردێک دژی کورد ببێتەوە ئەوە ئاساییە ئەو وشەیەی بۆ بەکار بێنن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کە خاوەن حکومەت و پەرلەمان و یاسای ئەحزاب و یاسای ڕۆژنامەنوسییە، دەبێ بەپێی ئەو یاسایانە مامەڵە لەتەک هەر تاک و گروپێک بکرێت، نەک هەموو بەربووینەتە یەک بە جاشە جاشە. ئێمە ئێستا وەک "هۆبز" دەڵێت لە شەڕی هەمووان دژی هەمووان داین بۆ ئارامبونەوەی فەزای سیاسی، پێویستە چیتر ئەو چەمکی جاشە دژی یەکتر بەکارنەهێنن.

ئەوە ٣٠ ساڵە وزەی سیاسی و میدیایی و شتی دیکەی کورد دژ بە یەکتر بەکاردەهێنن ئیتر دەروونی نەخۆش تێر نەبوو لەو هەموو سوکایەتییەی بەیەکتری دەکەین، دەزانن ئەگەر ئێستا توێژەرێکی بیانی بێت توێژینەوەیەک لەسەر دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بکات، زمانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکاتە سەرچاوە، دەڵێ ئەم کۆمەڵگایە ناپاکن و جاشن، یان ڕۆژنامەنوسێکی بیانی بێت و لەسەر سایکۆلۆجیای سیاسی کورد ڕاپۆرتێک بکات میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەرچاوەی بێت دەڵێ ئەمە نەخۆشخانەی سیاسی یە، هەموویان خۆیان بە تێکۆشەری عەیار ٢٤ دەزانن کەچی هەموویان بەیەکتر دەڵێن جاش، بۆیە باشترە بزانین لەکوێدا چەمکەکان تەوزیف دەکەین.
ئێستا لەجیهاندا هەندێ چەمک جێگۆڕکێی ڕەفتاری پێکراوە نموونە لە ئەوروپا بە کەسێک دەڵێن فاشیست کە ئازاری ئاژەڵان بدات بۆیە پێویستە بزانین هەزار ساڵ بەیەک بڵێین جاش ڕای گشتی وەری ناگرێ، چونکە لەسەر بنەمای ڕق ڕای گشتی دابەش بووە، تا ئەو ڕادەیە بگریت خەڵک پێت پێدەکەنێ، دەڵێن ئەوە فرمێسکی تیمساحیە، پێبکەنیت دەڵێن ناڕەسەنە بۆیە پێدەکەنێ، واتە ئەوەندە دابەشبوین جاش و باش بۆتە نوکتە و هیچ مانایەکی نیە، بەدبەختی لەوەدایە نەوەکانی ئێمە پاش نیو سەدەی دیکە مێژووی ئێستای کورد بخوێننەوە میدیا و فەیسبوکی ئەحزاب سەرچاوەیان بێت دەڵێن باو باپیرانمان جاش بوون، بۆیە تکایە با چیتر ئەوەندە یەک تەخوین نەکەین تەنها لەبەر ئەوەی کەسێک لای من بێ باشە و جیاواز لە من بیر بکاتەوە جاشە، زۆرکەس حیزبەکان فریو دەدەن و نانەکەیان لەمەدایە، بەڵام پێویستە بیرکەرەوەکانی ناو ئەحزاب ئەگەر هەبێ با لە ڕێگای گفتوگۆ سازییەوە بەرامبەرەکە ڕاستکەیتەوە، نەک بەزمانی پیس و یەکتر شکاندن چونکە ڕۆژێک دێت لە قۆناغێکدا پێویستمان بەیەک دەبێت.بۆیە پێویستە چەمکی جاش و باش بگۆڕین بۆ گفتوگۆی ئەقڵانی و بەرمەبنای کرداری باش بۆ چاکەی گشتی، لەڕاستیدا ئێمەی کورد ئێستا پێویستمان بە پەروەردەکردنی ئەقڵە، پێویستمان بە چارەسەرکردنی لادانی ئەخلاقییە و کارکردن بۆ دابینکردنی ژیانی شەرەفمەندانە بۆ خەڵک، ئیتر شەو و ڕۆژ خەریکی جاشە و باشە بین بەرامبەر یەکتر وەک دەستوەردانە لەناو زەلکاو جگە لە بۆگەنی هیچ ناچنینەوە.

گەلەری