سەردێڕ:

مەلا بەختیار لەسەر دۆخی یەکێتی دوایین زانیارییەکان ئاشکرادەکات

PM:10:57:05/08/2021

31524 جار خوێندراوەتەوە

مەلا بەختیار رایگەیاندووە، رووداوەكانی ئەم دواییە یەكێتی بردە قۆناغێكی نوێی كێشە و ململانێكان، دەشڵێت، "پێویستە بە ئاراستەی چارەسەر ھەنگاو بنرێت و هەردوولا رێزی یەكتری زیاتر بگرن‌."


مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ جۆشوا لویس بەرپرسی سیاسەتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان لە بەشی سیاسی كونسوڵخانەی ئەمریكا کۆبووەوە و دواتر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، "رووداوەكانی ئەم دواییە یەكێتی بردە قۆناغێكی نوێی كێشە و ململانێكان و ناكرێت لەوە زیاتر زیان بە یەكێتی و جەماوەرەكەی و ژیانی حزبایەتی یەكێتیش بگەیەنرێت، چونكە یەكێتی لەناو هاوكێشەكاندایە و حزبێكی بچوک نییە، بۆیە پێویستە بە ئاراستەی چارەسەر ھەنگاو بنرێت و هەردوولا رێزی یەكتری زیاتر بگرن‌ و دۆخەکەش ئارام بکرێت باشترە."

لە ٨ی تەممودا، دۆخی ناوخۆی یەکێتی بەرەو قۆناغێکی نوێ رۆشت و تیایدا بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دەزگای دژەتیرۆر و چەند بەرپرسێکی دیکەش گۆڕدران و دواتریش لاهور جەنگی رایگەیاند کە "بە ویستی خۆم دەسەڵاتە داراییەکانم بۆ هاوسەرۆکی دووەم جێدەهێڵم و لەسەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانیش دەکشێمەوە."

بەڵام دوای چەند رۆژێک، لاهور جەنگی ئەو رووداوانەی بە پلانگێڕی ناوبرد و بافڵ تاڵەبانیش بەردەوام دەڵێت، کە یەکێتی جاران دەگەڕێننەوە.

جۆشوا لویس وتوویەتی، گفتوگۆ ستراتیژییەكەی نێوان ئەمریكا و عیراق بە باشی بەڕێوەچووە ‌و توانراوە ئاڕاستەیەكی جێگیر بۆ داهاتوو دیاری بكرێت و وتیشییەتی، ئەمریكا پشتیوانی لە هەڵبژاردنێكی شەفاف ‌و تەندروست دەكات، هەڵبژاردن بەشێكی هاوكێشەكەیە و بەشەكەی تریشی كە زۆر گرنگە، پێكهێنانەوەی حكومەتە، گرنگیشە ئەو سەرنجە لای خەڵک دروستببێت، كە هەڵبژاردنێكی شەفاف ‌و هاوسەنگ بەڕێوەدەچێت.

مەلا بەختیار راشیگەیاندووە، "ئەمریكا و هاوپەیمانان رۆڵێكی گرنگیان بینی بۆ لەناوبردنی تاڵیبان و قاعیدە و ئێستاش لە هەلومەرجی ئابوری، سیاسی و عەسكەری وادەكات كە بكشێنەوە، ئەگەر ئەمریكا بە وریاییەوە ئاگاداری ھاوسەنگی ناو عێراق نەبێت، لە رووی ئەمنی و ئابوریی ‌و سیاسییەوە پشتیوانی حكومەتی عێراق نەكات خۆی بگرێت یان زۆرتر لە پێویست ئەگەر عێراق لاوازتر ببێت، ئەوا وەكو سوریای لێدێت."

باسی لەوەشکردووە، "هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پێكەوە دەكەوێتە بەر مەترسی و دەتوانم دەستەواژەی (ئەتۆمی سیاسی) بۆ بەكاربهێنم، چونكە ئەگەر كۆی مەترسییەكان پێكەوە یەكبگرن، وەكو ئەوە وایە كۆی تەواوی پێكهاتە ئەتۆمییەكە یەكبگرن و ئەوكاتەش كە تەقییەوە، دۆخەكە تەواو مەترسیدار دەبێت."

May be an image of 1 person, sitting and standing













گەلەری