سەردێڕ:

دوو پەنابەری کورد لە شەمەندەفەر کەوتنە خوارەوە و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە

PM:07:42:05/08/2021

8620 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لە ٢٠ پەنابەری کورد لە سنورەکانی نێوان لیتوانیا و بیلاڕوسیا چارەنوسیان نادیارە، فیدراسیۆنی پەنابەرانیش دەڵێت، دوو کۆچبەری کورد لە ئیتاڵیا لە شەمەندەفەر کەوتوونەتە خوارەوە و ئێستا لە غەیبوبەدا دەژین.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرانسەری عێراق بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، دوای ئەوەی ئەو پەنابەرانە لە بیلاروسیاوە گەشتوونەتە لیتوانیا بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ئەوروپا، بەڵام لەلایەن ئەو وڵاتەوە دیپۆرتی سنورەکانی بیلاڕوسیاوە کراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای رەوانەکردنەوەیان بۆ بیلاڕوسیا ئەو پەنابەرانە لە رۆژی ٤ی ئەم مانگە هیچ پەیوەندیەکیان بە کەسوکاریانەوە نەماوە، هاوکات، لەناو ئەو ژمارە کۆچبەردا منداڵیشیان تێدایە، تا ئێستاش هیچ هەوڵێک لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بۆ سۆراخ کردنیان نەدراوە.

سکرتێری فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرانسەری عێراق راشیگەیاند، لە ئیتاڵیاش دوو کۆچبەری کورد لە ترسی پۆلیس خۆیان لە شەمەندەفەرێک فڕێداوەتە خوارەوە، بەوهۆیەوە دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و توشی غەیبوبە بوون.

هەر ئەمڕۆ، شەماڵ بنەیی باوکی محەمەد کە ماوەی مانگێکە بۆ ئیتاڵیا کۆچی کردووە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "رۆژی سێشەممە، شەمەندەفەرێک خۆی بە کورەکەمدا کێشاوە، بەوهۆیەوە برینداربووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە و دوای ئەوەی چەند نەشتەرگەرییەکیان بۆ کردووە تەندروستی جێگیرە."

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش، تەنها لە نیوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٢٨٠ ملیۆن کەس کۆچیان کردووە.

بەشێک لە شارەزایان هۆکارەکانی زۆری رێژەی کۆچکردن بۆ خراپی دۆخی ئابوری، سیاسی، ئەمنی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی رۆژانە، نەبوونی هەلی کار و ناجێگری سیستمی حکومڕانی لە وڵاتدا دەگەڕێننەوە.













گەلەری