سەردێڕ:

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا: هەموو ساڵێک ئەم فیلمە ئەبینینەوە، ئاگر بەردەبێتە دارستانەکان

AM:08:45:04/08/2021

13324 جار خوێندراوەتەوە

جێگری ئەنجومەنی ئیدارەی مافە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، هەموو ساڵێک ئەم فیلمە ئەبینینەوە، ئاگر بەردەبێتە دارستانەکان.


عەلی ئوز تونتونج جێگری ئەنجومەنی ئیدارەی مافە سروشتییەکان لە پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، حکومەت هەنگاوی پێویست نانیت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و هەموو ساڵێک ئەم فیلمە ئەبینینەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پارتە ئۆپزسیۆنەکانی تورکیا رەخنەی ئەوە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەگرن کە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرەی دارستان و ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، فڕۆکەی تایبەت بە ئاگرکوژاندنەوە بەکارنەهێنراوە کە سەر بە "کۆمەڵەی فڕۆکەوانی تورکیا"یە.

دەشڵێن، ئەو فڕۆکانە وشکاوەکین و دەتوانن بۆ چەند خولەکێک بچنە ناو قوڵایی ئاوەوە و دواتر لێیەوە بەرزببنەوە، پێویستە حکومەت بەکاریانبهێنێت بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی فرەنس پرێس لە زاری محمەد توکات سەرۆکی شارەوانی شاری میلاسی کەناراوی تورکیا ئەندامی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، نیگەرانە بەرامبەر ئەوەی ناتوانرێت ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و دوکەڵێکی زۆر ئاسمانی شارەکەی داپۆشیوە و وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبای تێدایە.

ئاژانسی فرانس پرێس چەند تویتێکی محەمەد توکاتی بڵاوکردەوە، لە یەکێکیاندا هۆشداریدەدات لەوەی ئاگرەکە نزیکبووەتەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییان و مەترسییەکەی زیادی کردووە. دەشڵێت، بەمە قۆناغێکی دیکە لە پەرەسەندنی ئاگرەکە دەستپێدەکات.

ماوەی هەفتەیەکە زیتر لە ١٥٠ ئاگر لە دارستان و ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا کەوتووەتەوە و تا ئێستا بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوتی دیکە برینداربوون، لەلایەن خۆشییەوە حکومەتی تورکیا رایگەیاندووە، توانیویانە ١٤٥ ئاگر کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە ساڵانە لە تورکیا نزیکەی هەشت بۆ ١٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی ئەو وڵاتە بەهۆی ئاگر کەوتنەوەوە دەسوتێن. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ساڵی ٢٠١٩ کەوتنەوەی ئاگر زیانی بە ١١ هەزار هێکتار دارستان گەیاند و لە ساڵی ٢٠٢٠ بەرزبووەوە بۆ ٢٠ هەزار و ٩٣٨ هێکتار.













گەلەری