سەردێڕ:

ئێستا لە نێو یەکێتیدا چی روودەدات؟

PM:11:14:02/08/2021

40640 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت ناکۆکییەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی پەرەدەسەنێت و لە نوێترین کاردانەوەدا میدیاکانی یەکێتی ڤیدیۆی بازرگانێکیان بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی رفێنراوە و پارەی لێسەنراوە.


ئەمشەو میدیاکانی یەکێتی لە گرتە ڤیدیۆییەکی ١٣ خولەکیدا وتەی بازرگانێکیان بڵاوکردەوە، کە تیایدا باسی لەوەدەکرد لەلایەن چەند کەسێکی نزیک لە لاهور جەنگییەوە رفێنراوە و پارەی لێسەنراوە و بەبێ ئەوەی بەڵگەی تەواو بخرێتە بەردەم دادوەر سزای بەسەردا سەپێنراوە و سزادراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی، "لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای پیلانگێڕیی ٨ـی تەمموز هەوڵمدا لە رێگەی دیالۆگ و رێڕەوی حزبییەوە چارەسەر بکرێت، هەر لەو پێناوەشدا ئامادەییم نیشاندا بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵاتە تەنفیزییەکانی خۆم رادەستی هەڤاڵی هاوسەرۆک بکەم بە مەرجێک لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی حزبی پێکبهێندرێت بۆ دەرخستنی راستی و دروستیی ئەو تۆمەتانەی کە لێرە و لەوێ دەخرێنە پاڵ بەندە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وادیارە بە هۆی رێگریکردنەوە حزبەکەم نەیتوانیوە ئەو لیژنەیە پێک بهێنن و دوای نائومێدبوونم لە مەکتەبی سیاسیی حزبەکەم بڕیارمدا کە پەنابەرم بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بکەم کە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە رێگەی دادگاوە یەکلابکرێتەوە."

دواتر، میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، "لاھور جەنگی تۆمەتبارە بە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵک و کەسوکاری شەھیدان."

ئەمەش لەکاتێکدایە، میدیا و سۆشیاڵ میدیای نزیک لە بافڵ تاڵەبانی ماوەی دوو رۆژە باس لەوەدەکەن ، کە بافڵ تاڵەبانی "فەرمانێکی گرنگی دەرکردووە" و دەبێت لاهور جەنگی سەرجەم ئەو کەسانە رادەستی دادگا بکات کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

باس لەوەشدەکەن، دەبێت لاهور جەنگی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بکات و بەیەکجاری کوردستان جێبهێڵێت، ئەگەر لاهور جەنگی ئەمانە نەکات لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا چەند بەڵگەیەک بۆ دەستگیرکردنی لاهور جەنگی پێشکەشی دادگا دەکرێت.

لە ماوەی رابردوودا، بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن چەندینجار رەخنەیان ئاڕاستەی باڵەکانی یەکێتی کردووە، کە لە سنورەکان کاری قاچاخچێتی دەکەن لەگەڵ چەندین کاری دیکەی نایاسایی و تەقەکردن لە بەشێک لە هاوڵاتیان و لە نەیارانیان.













گەلەری