پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ژاپۆن دوو ملیۆن دۆلارى بۆ پاڵپشتى هەڵبژاردن لە عێراق دابینکردووە، باڵیۆزى ژاپۆنیش دەڵێت، هاوکارییەکان دەبنە هۆى گەرەنتیکردنى شەفافیەت و متمانەپێکردن لە هەڵبژاردنەکەدا.
لە راگەیەندراوێکدا جنین پلاسخارت پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بڵاویکردەوە،
پێشوازییان کردووە لە هاوکارییەکى دارایی ژاپۆن بە بڕى ٢١٦ ملیۆن یەنى ژاپۆنى کە بەرامبەرە
بە دوو ملیۆن دۆلارى ئەمریکى ئەوەش بۆ پاڵپشتى ئەو پرۆژەیەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان
رابەرایەتى دەکات بۆ پاڵپشتى بنیاتنانى تواناکانی کۆمسیۆنى هەڵبژاردن بۆ ئامادەکارییەکان
بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخەتە.
هاوکات، سوزوکى کوتارۆ باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردن گەورەترین
رێگایە بۆ پیشاندانى ئیرادەى گەلى عێراق و دەشبێتە روانگەیەک بۆ سیاسەتێکى نیشتیمانى.
سوزوکى کوتارۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو باوەڕەدایە هاوکارییەکانى وڵاتەکەى
بەشداردەبێت لە هەوڵەکانى حکومەتى عێراق بۆ گەرەنتیکردنى شەفافیەت و متمانەکردن لە
هەڵبژاردنى داهاتوو.
پێشتریش، هەریەک لە ئەڵمانیا و ئەمریکا و دانیمارک و چەند وڵاتێکى دیکە هاوکاریی
داراییان پێشکەشکردووە بۆ زیادکردنى تواناکانى چاودێرى نەتەوەیەکگرتووەکان و توانا
تەکنیکییەکانى کۆمسیۆن بۆ باش بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق.
بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەبچێت و پەرلەمانی
عێراقیش ئاشکرایکردووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە هەفتەی
رابردووشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و جۆ بایدن وتی،
"زۆر گرنگە بەلامانەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا بکرێت و دادپەروەرانە
بێت و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بێت."