سەردێڕ:

دەست بەسەر دۆلاری لیبیدا گیرا و چوار باندیش دەستگیرکران

PM:05:49:02/08/2021

9092 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، چوار باندیان دەستگیرکردووە، کە بەناوى ساغکردنەوەى دۆلارى لیبیەوە بەزەبرى چەک پارەیان لەخەڵک سەندووە.


هۆگر عەزیز وتەبێژى پۆلیسى هەولێر راگەیاند، دواى هەبوونی چەند سکاڵایەک و پاش چەند مانگێک بەدواداچوون ئەو باندانە دەستگیرکراون کە هەستاون بە لێسەندنى پارە بەشێوازى رێگرى.

هۆگر عەزیز باسی لەوەکردووە، ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان بۆ 'دۆلارى لیبی' کردووە، خەڵکیان بانگکردووە بۆ شەقامى ١٢٠ مەترى و ١٥٠ مەترى دواتر بەزەبرى چەک پارەیان لەو هاوڵاتییانە وەرگرتووە.

هۆگر عەزیز جەختیکردەوە، تا ئێستا چوار باندى لەو شێوەیە کە بانگەشەى مامەڵەى دۆلارى لیبییان کردووە دەستگیرکراون، لەکاتێکدا هیچ دۆلارێکى لەو جۆرە بوونى نییە.

باسى لەوەشکرد، ئەندامانى باندەکان دانیان بەوەداناوە کە سی هەزار دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلیان لە هاوڵاتییان سەندووە.

وتەبێژى پۆلیسى هەولێر داوایکردووە سزاى ئەو کەسانە سوکنەکرێت و بە سزاى خۆیان بگەیەنرێن، کە لەلایەن پۆلیسەوە بە ماددەى ٤٤٢ لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.













گەلەری