سەردێڕ:

نوێترین هەڵوێستی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەبارەی ھە‌ڵبژاردنەوە

PM:03:30:29/01/2022

2928 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، دە‌مانە‌وێت ھە‌ڵبژاردن لە‌كاتی خۆیدا بكرێت. دەشڵێت، "لە ئێستادا بۆشایی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردندا هەیە".


ئەمڕۆ شەممە، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە چوارچێوەی بەشداری کردنی لە پانێڵی پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکان رایگەیاند، لە ئێستادا بۆشایی لە کۆمسیۆندا هەیە، لە ٢٠ی ١٢ی ٢٠١٩ەوە کاتەکانی بەسەرچووە، چونکە لە ٢٠ی ١٢ی ٢٠١٤ متمانەی پێدراوە و ئەوکات کۆمسیۆن دروستکراوە.

وتیشی، "ئێستا بە‌دوای ئە‌وە‌داین ئاخۆ ئە‌م كۆمسیۆنە‌ دە‌نگی پێبدرێتە‌وە‌ یاخود كۆمسیۆنێكی دیكە‌ دیاری بكە‌ین".

ئەوەشی خستەڕوو، کۆمسیۆن بە رێککەوتنی پێنج لایەن سیاسی پێکهێنراوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا، لە دوو کاتی جیاوازدا کۆمسیۆن داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە چارەنوسیان یەکلایی بکاتەوە تا بتوانن ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

باسی لەوەشکرد، دەبێت پێش ٦ی ١١ی ٢٠٢٢ ئاماداەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شە‌شە‌می پە‌رلە‌مان کرابێت.

وتیشی، پێویستە لە ٦ی ٩ی ٢٠٢٢ سەرۆکی هەرێم فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن دەرکردبێت و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان شەش مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن، واتە لە مانگی ئادارەوە ئامادەبێت تا هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا مەرجەکانی جوڵانەوەکەی بۆ دەنگدان بە کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق کە لە ١٠ مەرج پێکهاتبوون ئاشکرا کرد و مەرجەکانی نۆیەم و دەیەمی جوڵانەوەکەشی بریتی بوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کاتی خۆیدا و لەم ساڵدا و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای کۆمسیاران بەجۆرێک ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران بێ لایەن بن.













گەلەری