بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا رۆبۆتێک بەبێ ھاوکاریی مرۆڤ لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری هەناوبینییەوە نەشتەرگەرییەکی بەسەرکەوتوویی ئەنجامدا.
رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو رۆبۆتەی نەشتەرگەرییەكەی ئەنجامداوە ناوی ستار-ه و بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەریی ریخۆڵەی بۆ چوار بەراز ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، رۆبۆتەکە لە
رێگەی کونێکی ١-٣ سانتیمەترییهوە کە لە سكی بەرازەکاندا کرابوو، نەشتەرگەرییەکەی
لە رێگەی هەناوبینییهوە، بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی کە مەودای
جووڵانەوە و بنینی رۆبۆتەکە سنووردار بوو، بەڵام نەشتەرگەرییەکەی بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشکراوه، رۆبۆتەکە لە
رێگەی ژیریی دەستکرد و ئەو کامێرایەی کە بۆی دانراوە توانیویەتی بەگوێرەی ھەناسەدانی
بەرازەکە جوڵە بە دەستەکانی بکات.
هەربەگوێرەی هەواڵەکەی رۆژنامەی
زەگاردیانی بەریتانی، ئەوە بەدیکراوە رۆبۆتەکە بە شارەزایی و بە جوانکارییەوە برینەکەی
دووریوەتەوە و ئەنجامی سەرکەوتووتریشی بەدەستھێناوە.
ئاکسل کریگەر سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەکە
لە زانکۆی جۆنز ھۆپکینز-ی ئەمریکی رایگەیاند، رۆبۆتەکە دەتوانێت لە ماوەی پێنج ساڵدا
بە تەنھا نەشتەرگەری بۆ مرۆڤ ئەنجامبدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سایەی ژیریی
دەستکرد دا، رۆبۆتەکە توانای پلاندانان و جێبەجێکردنی ھەیە.
توێژەران زانیاریی ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە،
رۆبۆتەکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جۆراوجۆر لەسەر مرۆڤەکان پەرەیان پێدراوە.