سەردێڕ:

کارمەندانی هێڵی ئاسمانی عێراقی مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند

PM:09:31:27/01/2022

3364 جار خوێندراوەتەوە

کارمەندانی هێڵی ئاسمانی عێراقی رایانگەیاند، هەفتەی داهاتوو مانگرتنی تەواوەتی جێبەجێ دەکەن، ئەمەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریی و دۆسیانه‌ی گەندەڵی کە کاریگەری کردووەتە سەر کارەکانی کۆمپانیاکە.


کۆمەڵەی فڕۆکەوانان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "بڕیاره‌ رۆژی سێشەممەی داهاتوو لەلایەن تیمەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا مان بگرین و هیچ گەشتێک لەکاتی مانگرتنەکەدا ئەنجام نەدەین تاوەکو سەرجەم داواکارییەکانی تیمەکانی هێڵی فڕۆکەوانی عێراقی جێبەجێ نەکرێن".

کۆمەڵەکە پاساوی مانگرتنەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی و تیمەکانی پێیدا تێپەڕدەبن لەگەڵ ئەو بڕیارە خراپانەی کە کاریگەریان لەسەر بنەماکانی سەلامەتی نێودەوڵەتیی و رووبەری کارکردنی کۆمپانیاکە کردووە کە پێویستی بە وردی و سەلامەتیی زیاتر هەیە.

کۆمەڵەی فڕۆکەوانان داوای کردووە لیژنەی دەستپاکی و دەسەڵاتی دادوەریی بەدواداچوون بۆ سەرجەم گرێبەستەکانی نێوان کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی و کۆمپانیاکانی دیکە بکەن، وەک گرێبەستی ئەتڵەس تایبەت بە دەسەڵاتی بریکارە گشتییه‌كان پەیوەست بە فرۆشتنی بلیتەکان.

کۆمەڵەکە دەشڵێت ئەو گرێبەستانە "گەندەڵی ئیداری لەخۆدەگرێت کە دەبێتە هۆی مایەپووچ بوونی گواستنەوەی نیشتمانیی".

هه‌روه‌ها داوای گەڕاندنەوەی سەرجەم مافەکانی کۆمپانیاکە دەکات وەک تاکە کۆمپانیای گواستنەوەی نیشتمانیی و بەگوتەی ئەوان ئەو مافانە بەهۆی دەستێوەردانی جێبەجێکارەکانییەوە دراوە بە کۆمپانیاکانی دیکەی وەک فڵای بەغدا و قەتەرییە و فڵای دوبەی.

جێی ئاماژەیە، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی خاوەنی ٣١ فڕۆکەیە لە جۆرەکانی جامپۆ، بۆینگ و ئێرباس.













گەلەری