بەپێی نووسراوێک کە وەزارەتی دارایی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی دواکەوتنی موچەی خانەنشینانەوە لە سنوری سلێمانی، وەزارەتەکە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی هەرێمی لە سلێمانی سڕکرد.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا کە واژۆی ئاوات جەناب وەزیری دارایی هەرێمی بەسەرەوەیە، بڕیارەکە لەمڕۆوە جێبەجێکراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بڕیاردراوە بە راگرتنی
سەرجەم دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەری گشتی بانگی ناوەندی هەرێم-لقی سلێمانی بەشێوەیەکی
کاتی و جێگرەکەی لەو ماوەیەدا کارەکان بەڕێوەدەبات."
ئاماژە بەوەشکراوە، "لیژنەیەکی پسپۆڕ پێکبهێندرێت لە
دیوانی وەزارەت و بانکە بازرگانییەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشکنین، تایبەت
بە هۆکار و خەرجنەکردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەکاتی خۆیدا و کەمی
پسوڵەی نەختینەیی پێویست لە بانک."
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی چوار رۆژە خانەنشینانی سنوری
پارێزگای سلێمانی دەچنە بانکەکان بۆ وەرگرتنی موچە، بەڵام بەبیانووی نەبوونی پارە
لە بانکەکاندا دەیان نێرنەوە و موچویان پێنادرێت، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی
لیستێکی نوێی موچەی راگەیاندووە و وەزارەتەکانی دیکە موچەی مانگی یەک وەردەگرن.
هێرش قادر، هەولێر