سەردێڕ:

سەرمابوونی دەستەکان نیشانەی چییە؟

PM:03:30:27/01/2022

10332 جار خوێندراوەتەوە

دۆخێکی سروشتییە هەست بە سەرمابوونی دەستەکانت بکەیت کاتێک لە دەرەوەی ماڵەکەتیت یاخود لە ژوورێکی ساردیت لە زستاندا، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی بەردەوام هەست بە سەرمابوونی دەستەکانت بکەیت ئەوا دەکرێت هۆکاری دیکەی هەبێت.


لە راپۆرتێکدا کە لە رۆژنامەی لیڤسترۆنگی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، دکتۆر ماری گرەیس تایلۆری نوسەری راپۆرتەکە باسی لەوەکردووە، هەستکردن بەسەرما بەشێوەیکی بەردەوام مانای ئەوەیە کە خوێن بە شێوەیەکی گونجاو بۆی ناڕوات، ئەمەش نیشانەی بوونی کێشەیەکی تەندروستییە.

هاوکات، دکتۆر ئالان تانبی پزیشکی نەشتەرگەر روونیکردەوە، "بلۆکێک لە خوێن دروست دەبێت کە رێگرە لە گەیشتنی خوێن بە خاڵێکی دیاریکراو لە جەستەدا و دەبێتە هۆی هەستکردن بە ساردی لە دەستدا"، وتیشی، بەرکەوتنی دەست بەسەرما دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی بۆری خوێن و کەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن بۆ دەستەکان.

دەکرێت چەند هۆکارێکی دیکەش هەبێت کە ببنە هۆی سەرمابوونی دەستەکان و لەوانەیە ببێتە هۆی ئازار لە دەستەکان، کە پێویستە چاودێری بکرێن چونکە لەوانەیە کێشەی تەندروستی زیاتر ئاشکرا بکەن، لەوانە:

یەکەم: سیندرومی راینود، کە حاڵەتێکە و دەبێتە هۆی گرژبوونی دەمارەکانی خوێن لە دەست و پەنجەکان کاتێک مرۆڤ لە کەشێکی سارددایە یان فشاری لەسەرە.

دووەم: نەخۆشی شەکرە، دەکرێت ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە توشی نەخۆشی دەماری یان زیانی دەماربن کە دەبێتە هۆی هەستی ئازار لە دەست و قاچەکاندا.

سێیەم: ئەنیمیا یاخود کەمخوێنی، ئەگەر لە دەست یان قاچتدا هەستت بە سەرما لەگەڵ ماندووییەکی زۆر کرد، توشی کورتبوونی هەناسە و گێژبوون ببیت، ئەمە لەوانەیە نیشانەی کەمخوێنی بێت، چارەسەری ئەم کێشەیە تەنها پێویستی بە وەرگرتنی ئاسنی پێویست هەیە.

چوارەم: بوونی کێشە لە غودەکاندا، بوونی کێشەی غودەکان بە هۆکاری باوی ساردی دەستەکان هەژمار دەکرێن، هاوکات، ئەم حاڵەتە کاتێک روودەدات کە غودەکان هۆرمۆنی تەواو بەرهەم ناهێنن و خێرایی میتاپۆلیزم لە لەشدا خاو دەکاتەوە، مرۆڤ لەوانەیە هەستیارتر بێت بۆ پلەی گەرمی نزم.

پێنجەم: وەرگرتنی هەندێک دەرمان، ئەگەر دەستەکانت ساردبن دوای وەرگرتنی دەرمانێکی نوێ، هەندێک لە دەرمانەکان توانایان هەیە بۆ هاندانی نەخۆشی جۆری دووەمی رینۆید وەک دەرمانەکانی رێگری سکپڕی و دەرمانەکانی دژە هەوکردن و ئەنفلەوەنزا.













گەلەری