سەردێڕ:

کەشناسی: تا ئەم کاتە بەفربارین بەردەوام دەبێت

PM:02:10:27/01/2022

137232 جار خوێندراوەتەوە

بەفربارین لە سەنتەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و کەشناسی دەڵێت، شەپۆلەکە تا سبەی شەو کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت.


ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوای کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆوە پێشبینی شەپۆلی بەفربارین لە سەنتەری شاری سلیمانیدا دەکرێت و ناوبەناو بەفربارینەکە زیاد دەکات.

باسی لەوەشکردووە، شەپۆلی بەفربارینەکە لە دوێنێ شەوەوە دەستیپێکردووە و بەشێک لە شاخەکان و ناوچە بەرزاییەکانی هەرێم سپی پۆشبوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەکانی گەرما ئەمڕۆ و سبەی بە نزمی دەمێننەوە و شەپۆلەکە تا سبەی شەو کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی دەشڵێت، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن."

راشیگەیاندووە، "لە سلێمانی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا سێ ملیم باران بریوە و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا ٢٥٤.٦ ملیم باریوە و ساڵی پاریش تا ئەمڕۆ ٢٥٤ ملیم باران باریبوو."

هاوکات، کەشناسی هەرێم باسی لەوەکرد، لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە شەپۆلێکی باران و بەفر بارین سەنتەری بەشێک لە شار و پارێزگاکانی هەرێم دەگرێتەوە.

 

گۆران لوقمان، سلێمانی

 













گەلەری