سەردێڕ:

لێدوانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە

AM:08:46:27/01/2022

8296 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، نابێت پێکهێنانی حکومەت تەنها لەسەر بڕیاری یەکلایەن بێت و لایەنەکانی دیکە پەراوێز بخرێن، دەشڵێن، دیاریکردنی سەرۆک وەزیران دەبیت لە رێگای رێککەوتنەوە بێت.


چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە پاش کۆبوونەوەکەیان راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، جەخت لەسەر پرۆژەکەیان بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی وڵات و دژایەتی پەراوێزخستنی لایەنەکان دەکەن، چونکە ئەو کارە کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نابێت وڵات لەوە زیاتر روبەڕوی کێشە و قەیران بکرێتەوە و دەبێت کار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان بکرێت، ئەو کارەش بە دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لە رێگەی رێککەوتنەوە ئەنجام دەدرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەوان لەگەڵ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی حکومەتی زۆرینەن، بەڵام نابێت پیکهێنانی حکومەت تەنها لەسەر بڕیاری یەک لایەن بێت و لایەنەکانی دیکە پەراوێز بخرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بەمەبەستی کۆبووەنەوە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە ئەمڕۆ کۆببنەوە.

سەرۆکی رەوتی سەدر تا ئێستاش داوادەکات حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی لەلایەن گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییەوە پێکبهێنرێت و تیایدا هەندێک هێزی سیاسی بەشداری تێدانەکەن، لەسەروو هەمووشیانەوە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.

ئەم هەڵویستەی سەدر بووەتە هۆی دابەشبوونی هێزە سیاسییە بەشداربووەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە.













گەلەری