سەردێڕ:

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی لەبارەی بتکۆینەوە داوایەک دەکات

PM:10:11:26/01/2022

2740 جار خوێندراوەتەوە

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتی سلڤادۆر کرد، بڕیاری ناساندنی دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین وەک دراوی فەرمی وڵات هەڵبوەشێنێتەوە. دەشڵێت، "دراوە ئەلیکترۆنییەکان مەترسی گەورە دروست دەکەن".


سندوقی نەختی نێودەوڵەتی داوای لە نەجیب ئەبو کیلە سەرۆکی سلڤادۆر کرد، چاوبخشێنێتەوە بە بڕیاری بە فەرمی ناساندنی بتکۆین وەک دراوی فەرمی ئەو وڵاتە.

ئەنجومەنی جێبەجیکاری سندوقی نەختی نێودەوڵەتی کە چەند وڵاتێک تێیدا ئەندامن لە ناویشیاندا ئەمریکا، زمانێکی توندرتیان بەرامبەر حکومەتی سلڤادۆر بەکارهێناوە بەرامبەر بە بڕیاری بە فەرمی ناساندنی بتکۆین وەک دراوی فەرمی وڵات.

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، داوایان لە حکومەتی سلڤادۆر کردووە چوارچێوەی یاسای بەکارهێنانی بتکۆین بەرتەسکتر بکاتەوە و بڕیاری بە فەرمی ناساندنی بتکۆین وەک دراوی فەرمی ئەو وڵاتەش هەڵبوەشێنێتەوە.

بەرپرسانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتی پێداگرییانکردووە لەسەر مەترسییە گەورەکانی بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین لەسەر سەقامگیری دارایی و ئەستۆپاکی لەبواری سیاسەت و دەستاودەستکردنی دراو و دارایی و پاراستنی بەکاربەران لەو قەواڵە داراییانەی بۆ پشتیوانیکردنی بتکۆین دەردەکرێن.

هاوکات، سندوقی نەختی نێودەوڵەتی، هۆشداریدا لەبارەی ناجێگیربوونی نرخی دراوە ئەلیتکترۆنییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا.

لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا؛ نرخی یەک بتکۆین بە ٦٧ هەزار و ٧٣٤ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، دوێنێ سێشەممە، نزیکەی ٥٠٪ بەهاکەی لەدەستدا و نرخی یەک بتکۆین بۆ ٣٧ هەزار دۆلار دابەزی، بەمەش نەجیب ئەبو کیلە سەرۆکی سلڤادۆر هەوڵیدا ئەم دابەزینی نرخەی بقۆزێتەوە بەئامانجی بەهێزکردنی یەدەگی دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین لەوڵاتەکەیدا.

پێشتر، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١ حکومەتی سلڤادۆر، کە دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاستەوە بڕیاریدا دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین دراوی فەرمی وڵاتبێت و رێگەشیدا هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لەسەرجەم مامەڵەکانیاندا لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین بەکاربهێنن.













گەلەری