سەردێڕ:

روونکردنەوە لەبارەی چارەنووسی کۆچبەرە نقومبووەکانی کەناراوەکانی یۆنان دەدرێت

PM:09:26:26/01/2022

4856 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، لەچەند رۆژی داهاتوودا، تەرمی نۆ کۆچبەری دیکە کە لە دوورگەکانی یۆنان و دەریای ئیجە ناسراونەتەوە گیانیان لەدەستداوە دەگەڕێنرێتەوە هەرێم.


فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، تەرمەکان هی ئەو کۆچبەرانەن کە لە دەریای ئیجە و دوورگەکانی یۆناندا بەلەمەکانیان نوقومبووە.

لە راگەیاندراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، "بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە و پرسی (رێوار)ی تەمەن ١١ ساڵ و گەڕاندنەوەی نۆ تەرم، هەینی رابردوو شاندێکی فەرمانگەکە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا."

ئەوەش هاتووە، "ئەمڕۆش کونسوڵی گشتی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەس و کاری بێسەر و شوێنەکان کۆبووەوە و دڵنیایکردن حکومەتی یۆنان لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، هەر لەو دیدارەدا کەسوکاری بێسەروشوێنەکان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی حکومەتی کۆماری یۆنان کرد."

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر ئەرک و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەرمی نۆ کۆچبەری دیکە دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی خراپی کەش و هەوا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پرۆسەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت."

ئەوەش دوای ئەوەدێت، هەر ئەمڕۆ نوێنەرایەتی دەزگای لوتکە لە یۆنان رایگەیاند، بڕیارە تەرمی نۆ کۆچبەری دیکە بگەڕێندرێتەوە هەرێم؛ کە ئەمڕۆ چوار لە قوربانیانی دەریای ئیجە لە ٢٧ی ئەم مانگەدا لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەڕێ بکرێن و لە ٢٩ی مانگدا بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و رادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی پێنج لە قوربانیانی دیکەش لە گەشتی دووەمدا و لە ٢٩ی ئەم مانگەدا لە ئەسیناوە بەڕێدەکرێن و ١ی مانگی ٢ دەگەنە هەولێر.

ئەو کۆچبەرانە لە ئەنجامی ژێر ئاوکەوتنی یەختێک لە ٢٣ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا لە دەریای ئیجەی نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان گیانیان لەدەستدا و ٥٧ کۆچبەریش لە رووداوەکەدا رزگاریان بوو.













گەلەری