سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی باس لە بژاردەیەکی نوێ دەکات

PM:06:56:26/01/2022

5880 جار خوێندراوەتەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت رایگەیاندووە، "ئەگەر ھەوڵەکان بۆ لادان و پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسیی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داھاتوو بەردەوام بێت، ئەوا ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە ھەڵبژاردنەکان دەنگی زۆریان بەدەستھێناوە، یان ئۆپۆزسیۆنبوون ھەڵدەبژێرن یان بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن".


چوارچێوەی ھەماھەنگی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، "چوارچێوەی ھەماھەنگی پابەندە بە پڕۆژەکەی خۆی کە خۆی لە بەشدارییکردن لە حکومەتی داھاتوو بۆ خزمەتکردنی وڵات دەبنێتەوە، نەک پەراوێزخستن".

ئەوەش ھاتووە، "ھێشتا ئومێدمان وایە، ھاوبەشەکانمان بەدەم پرۆژەکەمانەوە بێن، ئەگەر نا بەپێچەوانە، ئەوان باجەکەی دەدەن، تایبەتیش کە ئێستا عێراق و ناوچەکە بەرەڕووی مەترسی و ئاڵەنگاریی ئەمنی و ئابوری بوونەتەوە".

چوارچێوەی ھەماھەنگیی باسی لەوەش کردووە، نابێت لە ھیچ بارودۆخێکدا، پێکھاتەیەک لەسەر حسابی پێکھاتەیەکی دیکە لاواز بکرێت، چونکە ستەم و شکاندنی دادپەروەرییە و دەبێتە مایەی ناسەقامگیری لە وڵاتدا و راشیگەیاندووە، "ئێمە دژبە بنەمای زۆرینەی نیشتمانیی نیین، چونکە ئەوە داواکارییەکی رێزلێگراوە و زۆرێک لە ھێزە سیاسییەکان داوای دەکەن، بەڵام نابێت ئەم زۆرینەیە لەسەر حیسابی پەراوێزکردنی لایەنێکی سیاسیی بێت".

لە راگەیەندراوەکەدای چوار چێوەی هەماهەنگیدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەگەر ھەوڵەکان بۆ لادان و پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داھاتوو بەردەوام بێت، ئەوا ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگی زۆریان بەدەستھێناوە یان ئۆپۆزسیۆن بوون ھەڵدەبژێرن، یان بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی دەکەن".

لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی کە ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلەی ئیسلامی لەخۆدەگرێت؛ لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ٨٨ کورسییان بەدەستھێناوە.

دوێنێ سێشەممە، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، پێشنیازی بەشداریکردن لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییان خستووەتە بەردەم لایەنەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگیی، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی دوور بخەنەوە، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەو پێشنیازەیان رەت کردووەتەوە.

موقتەدا سەدر، ھۆکاری بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و داگیرکردنی زۆربەی ناوچەکانی باکوری عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن داعشەوەی خستووەتە ئەستۆی نوری مالیکی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسیی و بەشێوەی رێککەوتن لەناوخۆیاندا کە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون. بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرک کۆماریش پشکی کوردە.

ئەمجارە رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵدەدات حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنێت کە ئەوەش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ـوە روودەدات، بەڵام پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی شیعە رەتدەکرێتەوە.













گەلەری