سەردێڕ:

بۆچی سەدر رەتی دەکاتەوە لەگەڵ مالکی رێکبکەوێت؟ مێژووی دوژمنایەتییان بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

PM:02:36:26/01/2022

8724 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا عێراق لەسەروبەندی دەستنیشانکردنی پۆستە باڵاکانی وڵاتدایە و دواتر کابینەی نوێی حکومەت پێکدەهێنێت، بەڵام ناکۆکییەکی زۆر هەیە لەنێوان دوو هێزی شیعەدا کە یەکێکیان خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانییە و ئەوەی دیکەشیان کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر دۆخی سیاسی عێراق.


لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، لەسەر حزبە سیاسییە خاوەن کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق پێویست بوو بەیەکەوە دابنیشن و رێکبکەون لەسەر ئەوەی چۆن پەرلەمان و سەرۆکایەتییەکان و کابینەی نوێ پێک دەهێنن.

بەڵام ململانێکانی نێوان موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا بە قوڵی دەرکەوتن دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، موقتەدا سەدر ئامادە نەبوو سڵاو لە مالیکی بکات و دواتریش چەند جارێک بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دووپاتی کردەوە کە نایەوێت لەگەڵ مالیکیدا رێکبکەوێت.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن لە ئێستادا و لەدوای ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی ٢ ی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا، چاورچێوەی هەماهەنگی (ئەو هاوپەیمانیەتییەی نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات) بە زەرەرمەندترین کوتلە دادەنرێن لە بەرەوپێشچوونەکانی دیمەنی سیاسی لە عێراقدا.

بەگوێرەی راپۆرتێکی سکای نیوز، هۆکاری پشت رەتکردنەوە و رێکنەکەوتنی سەدر لەگەڵ مالیکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، ئەو کاتەی مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

ناکۆکیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشەی مالیکی کە لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٠٨ ئەو کاتەی نوری مالیکی سەرکردایەتی جەنگێکی کرد بۆ سەر سوپای مەهدی کە سەدر سەرۆکایەتی دەکرد و ناوی چالاکیەکەشی نا "صولة الفرسان".

لە روبەڕوبوونەوەکەدا شاری بەسرا بووە مەیدانی جەنگ و لەماوەی جەنگەکەدا لە هەردوو لایەن ١٥٠٠ کەس کوژران و زیانە ماددییەکانی عێراقیش ٢٧ ملیۆن دۆلار زیاتر بوو، لە شەرەکەدا سوپای مەهدی کۆشکی سەرۆکایەتییان چواردەوردا کە نوری مالیکی تێدابوو.

ئەو پێکدادانانە جەنگی عێراق - ئێرانی هێنایەوە بە بیری خەڵکدا پاش ئەوەی، سوپای مەهدی چەندین ناوچەی جیاوازیان لە عێراق کۆنترۆڵ کردبوو لە هەمووشیان دیارتر ناوچەکانی سەدر بوو لە رۆژهەڵاتی بەغدا.

نەدیم ئەلجەبری شیکەرەوەی سیاسی عێراق لەبارەی رەتکردنەوەی هاوپەیمانێتییەکەی سەدر لەگەڵ مالکی رایگەیاند، مالکی لەسەرەتای گفتوگۆکانەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت گرێیەکی سەرەکی بووە لەدیالۆگی نێوان سەدر و هێزەکانی هەماهەنگی شیعەدا.

وتیشی: "جیاوازییەکانی نێوان سەدر و مالیکی زیاتر لە ١٠ ساڵ و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی مالیکی هێرشیکردە سەر سەدرییەکان، لە بەرامبەریشدا هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی مالیکی بۆ جاری سێهەم وەک سەرۆکوەزیران هەڵنەبژێردرێتەوە.

بەردەوامیی گرژی و تێکچوونەکان لەنێوان مالیکی و پەرەی سەند تا لە ساڵی ٢٠١٦ باس لە "صولة الفرسان٢" کرا لەلایەن مالیکییەوە وەک هەڕەشەیەک بوو بۆ سەر لایەنگرانی سەدر لەلایەن مالیکییەوە پاش ئەوەی خۆپیشاندانی چڕ ئەنجامدرا لە شاری بەسرە لە دژی مالیکی.

لەماوەی ٨ ساڵی بوونی مالیکی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، بەشێک لە خەڵکی عێراق و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بە هۆکاری شکست و بەدەستەوەدانی دوو لەسەر سێی خاکی عێراق بۆ داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا و ئەو کۆمەڵکوژیەی لە ٢٠١٦ لەبنکەی سبایکەر روویدا لە تکریت و تێیدا داعش ١٧٠٠ سەربازی رەمیکرد تۆمەتبار دەکەن و لەناو خەڵکیدا تا ئێستا تورەیی بەدیدەکرێت لەبەرامبەر مالیکیدا.

مالیکی پەراوێزختن قبوڵدەکات؟

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئێران شکستی هێناوە لە رێکخستنی نێوماڵی شیعە لە عێراقدا، پاش ئەوەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی عێران چووە بەغدا و لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکانی بێ ئەنجام بوون.

بەگوێرەی چەند زانیارییەک، قائانی لای سەیر بووە بەوەی سەدر ئامادەیی نەبووە لەگەڵ لایەنە شیعییەکاندا رێکبکەوێت و رایگەیاندووە پابەندی دروشمەکەیەتی "نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی، حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی".

بەگوێرەی ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی چەند بۆچوونێکی جیاواز دروست بووە لەبارەی بەرەوپێشچوونە نوێیەکانی عێراق، ئیحسان شەمەری سەرۆکی ئەنجومەنی بیری سیاسی عێراق باسی لەوەکردووە، پێدەچێت بەشێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی واز لە مالیکی بهێنن و بچنە لای سەدر ئەگەر بێت و باری سیاسی لەباربێت و گرەنتی هەبێت بۆ نەکردنەوەی ئەو مەلەفانەی لەسەریان بوونی هەیە لە ئاستی جێبەجێکردن و ئەدایاندا.

ئیحسان شەمەری لەبارەی رێککەوتنی بێدەنگەوە، کە بریتی دەبێت لە رێککەوتنی مالیکی لەگەڵ سەدردا رایگەیاند، مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی قانون رێکەوتن قبوڵدەکات ئەگەر لە پەرلەمانی عێراق بۆشاییەکی بۆ دابینبکرێت یاخود سەرۆکایەتی لیژنەی پەرلەمانی بۆ تەرخان بکرێت.

هەروەها هۆشداریشیدا کە "فراکسیۆنە شیعەکان بەردەوام دەبن لە دۆڕان لە شەڕە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکاندا"، باسی لەوەشکرد، دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ دانیشتنی یاسایی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان هەوڵ دەدەن رێگری لە حکومەت بکەن و قەیران دروست بکەن.

هاوکات نەدیم جابری باسی لەوەکردووە، لە هەموو حاڵەتێکدا هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەدەرەوەی حسابی دیمەنی سیاسی داهاتوون و توانای رێگریکردن لەو کاروانە نوێیەیان نییە کە سێ براوەی سەدر و حەلبوسی و بارزانی بەڕێوەی دەبەن."

ل.ل













گەلەری