سەردێڕ:

بۆ کێشەی موچەی خانەنشینان؛ وەزیری دارایی هاتە سلێمانی

PM:02:00:26/01/2022

9904 جار خوێندراوەتەوە

چەند رۆژێکە کێشە لە دابەشکردنی موچەی خانەنشینان لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە و چارەسەر نەکراوە، بەوهۆیەوە وەزیری دارایی گەشتە سلێمانی.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزیری دارایی لە شاری سلێمانییە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی خانەنشینان و نەبوونی پارە لە بانکەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری دارایی دەستی بە بەدواداچوون کردووە بۆ ئەو کێشەیە تا بە زووی چارەسەر بکرێت و بریارە دوو رۆژ لە سلێمانی بمێنێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و دووبارە نەبوونەوەی لە مانگەکانی داهاتوودا.

ئەمە لەکاتێکدایە، خانەنشیان لە سلێمانی و هەڵەبجە چەند رۆژێکە رۆژانە سەرەدەگرن بۆ وەرگرتنی موچە، بەڵام لەلایەن بانکەکانەوە پێیان نادرێت و بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی بانکەکان، پارە پێویست بۆ خانەنشینان لە بەردەستدا نییە.

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی ئەوەی بۆ ئێن ئاڕ تی پشتڕاستکردەوە، کە کێشەی موچەی خانەنشینان پەیوەندیدارە بە نەبوونی سیولەی پێویست لە بەردەستدا و هۆکارەکەشی بۆ نەگەڕانەوەی داهاتەکانی سنوری سلێمانی گەڕاندەوە.

داهاتی حکومەتی هەرێم مانگانە زیاترە لە دوو ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا تەواو موچەی فەرمانبەران پێویستی بە نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکومەت مانگانە چاوی لە ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدایە و بەو بیانووەوە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت و لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت.

هێرش قادر، هەولێر













گەلەری