سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەسەر دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ

PM:01:34:26/01/2022

41752 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەواوبووە و چاوەڕوانی پارەکە دەکەن تاوەکو دابەشی بکەن.


پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دارایی بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەواوبووە.

بەگوێرەی وتەی پێشڕەو حەمەجان، "ئەو دوو وەزارەتە وتوویانە کە تەنھا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ماوە بۆ ئەوەی بریاری شێوازی دابەشکردنی پارەکە بدات بۆ دەرماڵە و بەشە ناوخۆییەکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە سێ شێواز دەرماڵەکە دابەش دەکرێت کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشە ناوخۆییان وەرگرتووە و ئەوانەی بەشە ناوخۆییان وەرنەگرتووە و خوێندکارانی ناوشارەکان."

باسی لەوەشکردووە، "چاوەڕوانین لە ماوەیەکی نزیکی داھاتوودا دەرماڵەی مانگی یەک بگاتە دەستمان و دابەشی بکەین."

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا خوێندکاران زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم خۆپیشاندانیان کرد و رژانە سەر شەقامەکان و داوای دابەشکردنی دەرماڵەیان کرد، تاوەکو حکومەتی هەرێم لە ژێر فشاری خوێندکاراندا بڕیاری دابەشکردنەوەی دەرماڵەی راگەیاند.

دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕە پارەیەک بوو کە لەلایەن حکومەتەوە بەسەر خوێندکاراندا دابەشدەکرا، کە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە هاتوچۆیان دەکرد ١٠٠ هەزار دینار بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە لە بەشەناوخۆی دەمانەوە ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی ناوشارەکان ٤٠ هەزار دینار بوو.

 

گۆران لوقمان، سلێمانی


 













گەلەری