سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا داوای لێبوردنی لە رۆژنامەنووسێک کرد

PM:11:29:25/01/2022

6016 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا وتەیەکی نەشیاوی بەرامبەر پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوزی وڵاتەکەی بەکارهێنا، بەتەلەفۆن پەیوەندی پێوەکرد و دوای لێبوردنی لێکرد.


جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا و لەکاتێکدا باسی لە گرنگی رکابەری ئابوری دەکرد بۆ بەهێزکردنی دۆخی ئابوری ئەمریکا رۆژنامەنووسەکان دەستیان بەئاراستەکردنی پرسیارەکانی خۆیان بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتەکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا لەبارەی دۆسیەی گرژییەکانی سەر سنوری ئۆکرانیا ئامادەنەبوو وەڵامی رۆژنامەنووسان بداتەوە، دواتر داوای لە رۆژنامەنووسەکان کرد هۆڵەکە بەجێبهێڵن، لەوکاتەدا پیتەر دوسی پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بەدەنگێکی بەرز لەبارەی ئەو هەڵئاوسانە ئابورییەی رووی لەو وڵاتە کردووە پرسیارێکی ئاراستەی جۆ بایدن کرد، بەڵام بایدن جگە لەوەی وەڵامی ناداتەوە؛ بێ ئەوەی ئاگاداربێت کە مایکەکەی نەکوژاوەتەوە وشەیەکی نەشیاو بەکاردەهێنێت بەرامبەر بە رۆژنامەنووسەکە.

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بە ئامانجی "ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە" جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە پیتەر دۆسی پەیامنێری کەناڵەکەوە کردووە و داوای لێبوردنی لێکردووە لەبەرامبەر ئەو وتە نەشیاوەی بەکاری هێنابوو.

جۆ بایدن داوای لێدەکات کەبەردەوامبێت لە ئاراستەکردنی پرسیارە جیاوازەکانی و پێشی وتووە، قسەکانی بایدن بە بابەتی کەسی وەر نەگرێت.

لەلایەن خۆیەوە، پیتەر دوسی رایگەیاند، بەهۆکاری قەرەباڵغی هۆڵەکە گوێی لەو وشەیە نەبووە کە بایدن بەرامبەری بەکاری هێناوە، بەڵام لە کەسێکی دیکەوە ئەوەی بیستووە.













گەلەری