سەردێڕ:

سێ ساروخ لە نزیک ماڵی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەوتە خوارەوە و بریندار هەیە

PM:10:02:25/01/2022

24004 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، سێ ساروخی قەبارە بچووک، لە نزیک میوانخانەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە قەزای گەرمەی سەر بە شاری ئەنبار کەوتووەتە خواردەوە و بەهۆیەوە دوو منداڵ برینداربوون و زیانی زۆری ماددیشی هەبووە.


چاوگێکی ئەمنی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ساروخەکان لە کاتژمێر ٩ و ٢٥ خولەکی ئەمشەودا کەوتوونەتە خوارەوە و یەکەم ساروخیان لەسەر شەقامی ٢٠ مەتری کەوتووەتە خوارەوە، ئەوانی دیکەش لە گەراجی شارەوانی قەزاکە و ناوچەی رەشاد بوون.

هاوکات، نزیکترین ساروخیان لە دیوەخانەکەی حەلبووسییەوە؛ سێهەم دانە بووە کە لەناوچەی رەشاد کەوتووەتە خوارەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەس برینداربوون کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵە و هەردوو بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بڵاوەیان پێکراوە و چەند بازگەیەک دانراوە بۆ ئەوەی هەر گومانلێکراوێک پەیوەندی بە رووداوەکەوە هەبێت دەسگیر بکرێت.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی ١٤ی ئەم مانگە، بەغدادی پایتەختی عێراق دوو هێرشی بەخۆیەوە بینی کە کرایە سەر دوو بارەگای هاوپەیمانێتییەکانی تەقەدوم کە لە لایەن محەمەد حەلبووسییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لەگەڵ بارەگایەکی عەزم کە لە لایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لە دوو ناوچەی جیاوازی شارەکە.

 

 













گەلەری